نەوا-
سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكی لە مافی رۆژنامەنوسان ئیدانەی هێرشكردنە سەر رۆژنامەنوسان و دەستبەسەرداگرتنی كەلوپەلەكانیان دەكات.
دیار محەمەد بەڕێوەبەری سەنتەری میترۆ لە پرێس كۆنفراسێكدا رایگەیاند، تیرۆركردن و شەهیدكردنی هاووڵاتیانی مەدەنی و رۆژنامەنوسان خەریكە دەبێتە دیاردە لەهەرێمی كوردستان، لەساڵی رابردوەوە تائێستا چەندین حاڵەت تۆمار كراون كە رۆژنامەنوسان دەكرێنە ئامانج و تیرۆر دەكرێن كە پێمانوایە ئەوانە تاوانی جەنگن پێویستە بكەرانی ئەو تاوانانە لە دادگای تاوانی نێودەوڵەتی دادگایی بكرێن.
وتیشی: نزیكەی دوو هەفتەیە 13 مامۆستاو فەرمانبەر مانیان گرتوە لەپێناوی كۆمەڵێك داخوازی رەوا كە سەلامەتی گیانیان دەخەینە پاڵ حكومەتی هەرێم و پێویستە داواكارییەكانیان جێبەجێ بكات، هەروەها كۆمەڵێك مامۆستاو موچەخۆر رویانكردوەتە پایتەختی هەرێم، بەڵام رێگریان لێكراوە، لەكوێی دنیادا هەبوە كە هاوڵاتیانی وڵاتێك نەتوانن بچنە ناو پایتەختەكەیانەوە بە ئاشكرا داوای مافەكانیان بكەن.
بەڕێوەبەری سەنتەری میترۆ وتیشی: پێشتر رێگری لە سەرۆكی پەرلەمان كراوە بەهەمانشێوە نەچێتەر هەولێر، هەروەها ئیدانەی هەڵكوتانە سەر نوسینگەی كەناڵەكانی راگەیاندن دەكەین و ئەو هێرشانەش ئیدانە دەكەین كە كراوەتە سەر كەناڵەكانی راگەیاندن لە بازگەی دێگەڵەو دەستیان بەسەر كەلوپەلی رۆژنامەنوساندا گرتوە.