وەزارەتی ناوخۆ: لایەنی دەرەكی داواكانی فەرمانبەران تێكەڵ بە مەرامەكانیان دەكەن

1 رۆژ پێش ئێستا

نەوا-
وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، كۆمەڵێك كەس و لایەنی دەرەكی نیازیان هەیە داواكارییە رەواكانی فەرمانبەران تێكەڵ بە مەرامەكانیان دەكەن.
وەزارەتی ناوخۆی هەرێم لەراگەیەنراوێكدا بڵاویكردوەتەوە، چەند رۆژێكە لەسنوری سلێمانی گردبونەوەی ژمارەیەك فەرمانبەر بەدیدەكرێت داواكارییە رەواكانی فەرمانبەران و چین و توێژەكانی هەرێمی كوردستان هەمیشە لە خشتەی كارە لەپێشینەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستاندان و لەو پێناوەش بە بەردەوامی لەگەڵ حكومەتی فیدراڵ لە بەغدا كار بۆ بەدیهاتنیان كراوەو تا رادەیەكی باش بەرەو پێشچون هەیە بە هەماهەنگی لەگەڵ بەغدا لە هەوڵی چارەسەركردنی بابەتە هەڵواسراوەكاندان. 
وەزارەتی ناوخۆ راشیگەیاندوە، ئەوەی جێگای هەڵوەستەیە كۆمەڵێك كەس و لایەنی دەرەكی و ناوخۆیی لەعیراق دەیانەوێت ئەم داواكارییانە بەكاربهێنن بۆ مەبەستی گوماناویی خۆیان و هەندێك لایەنی پاشكۆو "لایەنەكانی لە یاسا دەرچو پەكەكە"و كەسانی تر سود لەو دەرفەتە وەردەگرن و نیازیان هەیە بۆ شێواندنی ئاسایشی ناوچەكانی تری هەرێم بەكاریبهێنن و بەمەش داواكارییە رەواكانی فەرمانبەران تێكەڵ بە مەرامەكانیان دەكەن. 
ئاماژەشیكردوە، سەرباری رێزگرتن لە مافی خۆپیشاندان هەر هەوڵێك بۆ تێكدانی ئاسایشی هەرێمی كوردستان رێگرییان لێدەكرێت و هەر هەوڵێك بەدەر لە یاساو رێنماییەكان بێت رێگەی پێنادرێت.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group