پەرلەمانتارێكی عیراق: بەپێی رێككەوتنەكەی هەرێم و بەغدا هیچ دامەزراندنێك ناكرێت

6 کاتژمێر پێش ئێستا

نەوا-
پەرلەمانتارێكی عیراق رایگەیاند، لایەنی نێگەتیڤی رێككەوتنی هەرێمی كوردستان و بەغدا ئەوەیە هیچ دامەزراندنێك ناكرێت.
سۆران عومەر ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە فراكسیۆنی كۆمەڵی دادگەریی لەمیانی بەشداریكردنی لەبەرنامەی (پارێزگای سلێمانی و نوێنەرانی) كە لەچوارچێوەی پرۆژەیەكی رێكخراوی كوردستان بۆ هەموان لە رادیۆی نەواوە پێشكەش دەكرێت، سەبارەت بە چارەسەركردنی كێشەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ بەغدا رایگەیاند، رێككەوتنی هەرێم و بەغدا لایەنی باش و خراپی هەیە لایەنە باشەكەی ئەوەیە موچە بەردەوام دەبێت و دەستكاری لیستەكان نەكرێت، بەڵام ئەوەی جێی نیگەرانیە هیچ دامەزراندنێك بۆ سێ یەكەمەكان و خاوەن بڕوانامە باڵاكان بۆ بەشە پزیشكییەكان ناكرێت، ئەوانەی لە هەرێمی كوردستان گرێبەستبون فەرمانی بە هەمیشەیی بونیان دەرچوە عیراق رازی نەبوەو ناكرێت، هەروەها مامۆستایانی وانەبێژ كە كران بە گرێبەست لیستەكەیان ناخرێتە ناو لیستی موچەی عیراقەوە دەبێت هەروا بمێنێتەوەو هەرێم خۆی لەسەر داهاتی ناوخۆ خەرجی بكات.
سۆران عومەر وتیشی: بەهۆی ئەوەی بەشە بودجەمان بەتەواوی بۆ نەهاتوەو یاسای بودجەمان نیە لەهەرێم پابەندین بە یاسای بودجەی فیدراڵیەوە، یاساكە پێماندەڵێت هەرێم هیچ تەرخانكراوێكی دارایی نییە بۆ دامەزراندن ئەو بەهانەیە وادەكات كە دامەزراندن لە هەرێمی كوردستان رابگیرێت، ئەوكات لە ساڵی 2023 یەكێتی و پارتی یاساكەیان بە رێككەوتن بەبێ تەرخانكردنی دامەزراندن و بە خەرجی راستەقینەوە تێپەڕاند من یەكێك بوم لەوانەی دەنگم پێ نەدا دەبو وایان نەكردایە بەڵام كردیان.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group