نەوا-
بە ئامادەبونی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و جەنەراڵ كیڤن لیهی فەرماندەی هێزەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە عیراق و سوریا، رێوڕەسمی دەستبەكاربونی فیرقەكانی 3 و 4ـی پیادەی وەزارەتی پێشمەرگە بەڕێوەچو.
لە وتارێكدا نێچیرڤان بارزانی كە هاوكات فەرماندەی گشتی هێزەكانی پێشمەرگەی هەرێمی كوردستانە رایگەیاند، پاش ئەوەی فەرمانی هەرێمیمان بۆ دامەزراندنی ئەو دوو فیرقەیە دەركرد، خۆشحاڵین وەك بەشێك و هەنگاوێكی دیكەی پرۆسەی چاكسازی و یەكخستنەوەی پێشمەرگە لەژێر چەتری وەزارەتی كاروباری پێشمەرگەی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا، دەستبەكاردەبن، ئێمە شاهیدی هەنگاوێكی نوێ و پڕبایەخین لەم كاروانەدا كە چەندین ساڵە بەردەوامە، ئەم دەستكەوتە تەنها هەنگاوێكی رێكخستن یان كارگێڕی نییە بەڵكو نیشانەی ئیرادەی پتەومان و بەرهەمی ئەو قوربانییە گەورانەیە كە گەلی كوردستان و پێشمەرگە لە ماوەی چەندین دەیەدا پێشكەشیان كردوە.
راشیگەیاند، پێشمەرگە شەڕێكی قورسی لە پاڵ هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش بەڕێوەبردو بۆ جیهانی سەلماند كە قەڵخانێكە بۆ پاراستنی مرۆڤایەتی و ئەو شانازییەی پێ بڕا كە بەرگری لە تەواوی مرۆڤایەتی بكات.
نێچیرڤان بارزانی وتیشی: یەكخستنی هێزەكانی پێشمەرگە پێویستی بە كاركردنی هەمومانە بە رۆحی یەكتیمی و زاڵبون بەسەر هەر دابەشبون و ناكۆكییەك كە لەوانەیە رێگر بێت لەم پڕۆژە نیشتمانییە، پێشمەرگە دەبێت هێزێكی نیشتمانی دور لە سیاسەت و دەستێوەردانی حیزبی بێت بۆ پاراستنی كوردستان.