نەوا-
بەهۆی هێرشی ئاسمانی روسیاوە 8 كەس لە ئۆكرانیا كوژران و هاوكات ژێرخانی غازی وڵاتەكەش كرایە ئامانج.
كاربەدەستانی ئۆكرانیا رایانگەیاندوە، روسیا هێرشی فڕۆكەی بێفڕۆكەوان و موشەكی ئاڕاستەی ئۆكرانیا كردوەو بەهۆیەوە 8 كەس كوژران و دەیان باڵەخانەی نیشتەجێبون و هەروەها ژێرخانی وزە لە سەرانسەری وڵاتەكەدا زیانیان پێگەیشتوە.
وەزارەتی ناوخۆی ئۆكرانیا رایگەیاندوە، موشەكێكی روسی لە باڵەخانەیەكی نیشتەجێبون لە ناوەڕاستی شاری پۆلتاڤا كەوتۆتە خوارەوەو بەهۆیەوە چەند كەسێك گیانیان لەدەستداوەو 13 كەسیش برینداربون كە سێیان منداڵن.
لەبارەی دوایین روداوەكانەوە ڤلادیمر زێلێنسكی سەرۆكی ئۆكرانیا وتویەتی، روسیا بە بەكارهێنانی جۆرەها چەك هێرشی كردۆتە سەر شارەكانمان كە بریتین لە موشەك و فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی هێرشبەر و بۆمبی ئاسمانی.