"پارتی دەیەوێت پۆستی هەردو سەرۆكی هەرێم و وەزیران لای خۆی بمێنێتەوە"

16 کاتژمێر پێش ئێستا

نەوا-
ئەندامێكی پەرلەمانی كوردستان لەفراكسیۆنی نەوەی نوێ دەڵێت، پارتی دەیەوێت هەردو پۆستی سەرۆكی هەرێم و وەزیران لای خۆی بمێنێتەوە.
لە لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی ئەنادۆڵ عەدنان سەید حسێن ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لەفراكسیۆنی نەوەی نوێ رایگەیاندوە، دوایین بڕیاریان نەداوە بۆ بەشداریكردنیان لەكابینەی دەیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان و وەك یەكەمین هێز پڕۆژەیەكیان بۆ پێكهێنانی حكومەت خستوەتەڕو، پارتی دیموكراتی كوردستانیش وەك هێزی سەرەكی پێكهێنەری حكومەت دوجار سەردانی كردون.
ئەو پەرلەمانتارە وتوشیەتی: بە رونی داوایانكردوە پۆستی سەرۆك وەزیران وەربگرن یان هەر لایەنێك پۆستی سەرۆك وەزیران وەربگرێت ئەوا تەواوی پۆستەكانی دیكە بۆ لایەنەكانی دیكەی بەشداربوی حكومەت بێت.
وتیشی: پارتی ئامادەیە هەر وەزارەتێكیان بوێت بە تەواوی دەسەڵاتەكانییەوە پێیان بدەن، بەڵام لە بەرامبەردا دەیەوێت پۆستی سەرۆك وەزیران و سەرۆكی هەرێم لای خۆی بمێنێتەوە.
جێی ئاماژەیە لە چەند رۆژی رابردودا شاسوار عەبدولواحید سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ رایگەیاند، ئامادەن دەنگ بە كابینەی دەیەمی حكومەتی هەرێم بدەن بەمەرجێك لایەنەكانی تر جگە لە پارتی كابینەی دەیەم پێكبهێنن.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group