نەوا-
ئەندامێكی خولی پێشوی پەرلەمانی كوردستان رایدەگەیەنێت، پێویستە دابەشنەكردنی موچە بەردەوام نەبێت و كۆتایی بێت، چونكە موچە مافە خێرو سەدەقە نییە.
عومەر گوڵپی ئەندامی خولی پێشوی پەرلەمانی كوردستان بڵاویكردوەتەوە، بەپێی یاساو لۆژیكی حكومڕانی و بەرپرسیارێتی، حكومەتی هەرێم لەبەردەم خەڵكی كوردستاندا بەرپرسیارە نەك حكومەتەكەی بەغدا، چونكە داهاتی ناوخۆ لە خێرو بێری هەرێمی كوردستان كۆدەكەنەوەو نەوت دەفرۆشن، بۆیە نابێت خەڵك دەست لەم مافەی خۆی هەڵبگرێت و پێویستە روی داواكانیان لە حكومەتی هەرێم بێت.
گوڵپی لەبەشێكی تردا راشیگەیاندوە، بەپێی زانیارییەكانی وەزارەتی دارایی هەرێم لەساڵی 2024دا داهاتی ناوخۆ جگە لە نەوت گەیشتوەتە 4 ترلیۆن و 800 ملیار دینار، ئەم داهاتە كە نادرێتە بەغدا پێویستە بۆ موچە خەرج بكرێت و مافی خەڵك پێشێل نەكرێت.
ئەو پەرلەمانتارە باسی لەوەشكردوە، زیاتر لە 20 ترلیۆن دیناری موچەخۆران نەدراوەو بوەتە قەرزی زۆرەملێ لەسەر حكومەت، ئەم ستەمە پێویستە بەردەوام نەبێت و كۆتایی پێبێت.