بڕیاردەری فراكسیۆنی هەڵوێست لەپەرلەمانی كوردستان دەڵێت، سكاڵایەكی یاسایی جوڵێنراوە بۆ وەرگرتنەوەی كێڵگە نەوتییەكانی خورمەڵە، هەڤاناو كۆرمۆر.
عەلی حەمە ساڵح بڕیاردەری فراكسیۆنی هەڵوێست لەپەرلەمانی كوردستان داوا لەدەسەڵاتدارانی هەرێم دەكات ئەگەر بۆ جارێكیش بێت گوێبگرن و راستیەك هاتوەتە پێشەوە كە قۆناغێكی نوێیە، لەبری بەیاننامەو هێرش بۆ سەر عیراق بژاردەی عەقڵانی پێویستە كە ئەویش رێككەوتنە.
عەلی حەمە ساڵح بڵاویكردوەتەوە، بەرهەمی نەوتی كەركوك ئێستا 360 هەزار بەرمیل نەوتە، كۆمپانیای نەوتی باكور خۆی دەیگەیەنێتە 400 هەزار، دواتر گرێبەست لەگەڵ BP بەریتانیدا كراوە بۆ گەشەپێدان و فراوانكردنی چوار كێڵگەی گەورە بەمەش نەوتی كەركوك دەگاتە نزیكەی 800 هەزار بەرمیلی رۆژانە.
بڕیاردەری رەوتی هەڵوێست راشیگەیاندوە، بە وتەی وەزیری سامانە سروشتییەكان نەوتی كەركوك سێ هێندەی نەوتی هەرێمی كوردستان دەبێت و كوالیتی باشترەو بۆری نەوتی تایبەتیش ئامادە دەكەن بۆ هەناردەكردنەوەی نەوتی كەركوك بۆ توركیا، هەروەها سكاڵای یاساییان جوڵاندوە بۆ وەرگرتنی سێ گەورەترین كێڵگەی (خورمەڵە، هەڤاناو كۆرمۆر) ئەگەر ئەمە روبدات شتێك نامێنێت لە هەرێم بەناوی نەوت و غازەوە.