بەڕێوەبەرایەتی گشتی كاروباری مین لە هەولێر رونكردنەوەیەكی لەسەر ئەو بۆمبە بڵاوكردەوە كە گوندێكی ناحیەی سمیلان دۆزراوەتەوە.
لە رونكردنەوەكەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی كاروباری میندا هاتوە، لە دەزگایەكی راگەیاندن بڵاوكراوەتەوە ئەو بۆمبەی لەگوندی (گەزنە)ی سەر بە ناحیەی سمیلان لەقەزای چۆمان دۆزراوەتەوە نیشانەی ئەتۆمی لەسەرە، كارمەندی شارەزاو پسپۆڕیان راسپاردوە كە چارەسەری ئەم بۆمبە بكات.
راشیگەیاندوە، كارمەندانی شارەزا بۆمبەكەیان ناسیوەتەوەو دڵنیابون لەوەی كە ناواخنەكەی تەقەمەنی بەرزە (High Explosive) بۆیە بۆمبەكەیان سەلامەت كردوەو گواستویانەتەوە ناو چاڵی لەناوبردن و بەسەركەوتویی و بەبێزیان لەناویان بردوە.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی كاروباری مین لە هەولێر راشیگەیاندوە، هەمو لایەك دڵنیادەكەنەوە كە ئەم بۆمبە هیچ پەیوەندی بەبۆمبی ئەتۆمی یان چەكی ناوەكی یان بالیستی نەبوەو داواش لە دەزگاكانی راگەیاندن دەكەن بەرپرسیارانە مامەڵە لەگەڵ ئەم جۆرەكەیسانەدا بكەن و زانیاری دروست لەلایەنی پەیوەندیدارو كەسانی شارەزا وەربگرن، چونكە بڵاوكردنەوەی ئەم بابەتانە بە زانیاری نادروست دڵەڕاوكێ و نیگەرانی لای هاوڵاتیان دروست دەكات.