نەوا-
بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی هەولێر بەكارهێنانی ئۆتۆمبێلی بێ سەرەتای لەسەرجەم شەقامەكانی شاری هەولێر قەدەغە كرد.
لە راگەیەنراوێكدا بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی هەولێر بڵاویكردۆتەوە، لەپێناو رێكخستنی شەقام و كەمكردنەوەی جەنجاڵی و روداوی هاتوچۆ لە شەقامەكان و نەهێشتنی حاڵەتی بەكارهێنانی ئۆتۆمبێلی بێسەرەتا، چەند بڕیارێكیان دەركردوە لەوانە قەدەغەكردنی هاتوچۆی پایسكیل و مۆتۆڕسیكل بەهەردوو جۆری دوو تایەو سێ تایە لەسەر شەقامی خێرای 120م و 150م.
هەر لە بڕیارەكەی بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی هەولێردا هاتوە كە هاتوچۆكردنی ئۆتۆمبێلی قورس كە لەبواری بیناسازی و كشتوكاڵی بەكار دەهێنرێن كەخێرایەكانیان لە 80كم لە كاتژمێرێك كەمترە لە هەردو شەقامی 120م و 150م خێرا قەدەغە دەكەن بەڵكو دەبێت لەسەر فلات بگوازرێنەوە، هەروەها بەكارهێنانی ئۆتۆمبێلی بێ سەرەتا لەسەرجەم شەقامەكانی شاری هەولێریش قەدەغەیە .
بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی هەولێر راشیگەیاندوە كە هەر شوفێرێك سەرپێچی بڕیارەكان بكات رێكاری یاسایی بەرامبەر دەگیرێتەبەر ئۆتۆمبێل یان ماتۆڕسكیلەكەی دەستی بەسەردا دەگیرێت.