وڵاتانی زیانلێكەوتوی كەشوهەوا ساڵانە 300 ملیار دۆلاریان پێدەدرێت

7 کاتژمێر پێش ئێستا جیهان

نەوا-
لەكۆنفرانسی ساڵانەی گۆڕانی كەشوهەوادا رەزامەندی درا كە ساڵانە یارمەتی وڵاتە هەژارەكان بدرێت ئەوانەی كاریگەری خراپی كەشوهەوایان لەسەرە.
ماڵپەڕی سی ئێن ئێن بڵاویكردۆتەوە، وڵاتانی جیهان رەزامەندیان دەربڕیوە لەسەر رێككەوتنێكی نوێی كەشوهەوا لەكۆنفرانسی ساڵانەی گۆڕانی كەشوهەوا COP-29 كە لە باكۆی ئازەربایجان بەڕێوەچو و وڵاتانی دەوڵەمەند بەڵێنیانداوە ساڵانە 300 ملیار دۆلار پێشكەش بە وڵاتانی هەژارتر لە خۆیان بكەن بۆئەوەی یارمەتیان بدەن لە روبەڕوبوونەوەی كاریگەرییە كارەساتبارەكانی قەیرانی كەشوهەوا كە تادێت زیاتر دەبن، ئەم رێككەوتنە دوای زیاتر لە دو هەفتە دێت لە دابەشبونی بیروڕای جیاواز لە كۆبۆنەوەكەدا.
ئەوەش باسكراوە، لە خاڵەكاندا ترسی ئەوە هەبوە كە دانوستانەكان كێشەیان لێبكەوێتەوە، چونكە گروپەكانی نوێنەرایەتی دەوڵەتە دورگەییە بچوكە لاوازەكان و وڵاتانی تازە گەشەسەندو پێشتر لە دانوستانەكان چوبونە دەرەوە، بەڵام دواتر نزیكەی 200 وڵات گەیشتنە خاڵی رێكەوتن.
ئەوەش رونكراوەتەوە، ئەو 300 ملیار دۆلارە كە خەرج دەكرێت دەچێتە دەستی گەلانی لاوازو هەژار بۆئەوەی یارمەتیان بدەن لە روبەڕوبونەوەی كەشوهەوای توندو وێرانكەر كە تادێت زیانەكان زیاتر دەكات و دەشبێت ئەو وڵاتانە   ئابورییەكانیان بەرەو وزەی پاك بگوازنەوە.




شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group