نەوا-
وەزارەتی وزەو سامانە سروشتییەكانی توركیا رەتیكردەوە نەوت لە بەندەری جەیهانەوە گوازربێتەوە بۆ ئیسرائیل.
وەزارەتەكە لە راگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەداوە، هێڵی بۆری گواستنەوەی نەوتی خاوی باكۆ-تبلیس-جەیهان بەپێی ئەو رێككەوتنە نێودەوڵەتییەی كە لەساڵی 1999 لەنێوان توركیا، ئازەربایجان و جۆرجیا واژۆ كراوە كاردەكات.
راشیگەیاندوە، بەشی توركیا لە هێڵەكە لەلایەن كۆمپانیای بۆتاش ئینتەرناشناڵەوە بەڕێوە دەبرێت، ئەوەش لەچوارچێوەی ئەو رێككەوتنەی كە لەنێوان هاوبەشەكاندا واژۆ كراوەو كۆمپانیای بۆتاشیش هیچ پەیوەندییەكی بە كڕین و فرۆشتنی نەوتەوە نییە.
وەزارەتی وزەو سامانە سروشتییەكانی توركیا رەتیشیكردوەتەوە كە نەوت لە بەندەری جەیهانەوە گوازرێتەوە بۆ ئیسرائیل و ئاماژەی بەوەكردوە، ئەو دەنگۆیانەی كە لەوبارەیەوە بڵاوبونەتەوە بێبنەمان و دورن لە راستییەوە، كۆمپانیاكانی گوێزەرەوەی نەوتیش رێزیان لەبڕیاری توركیا گرتوە سەبارەت بە كۆتاییهێنان بە مامەڵەی بازرگانی لەگەڵ ئیسرائیلدا.