عیراق بەڵێن دەدات گرفتەكانی پیشەوەرانی هەرێم چارەسەر بكات

14/10/2024

نەوا-
شاندێكی یەكێتی ژورەكانی بازرگانی هەرێم لەگەڵ یەكێتی پیشەسازكارانی عیراق بۆ چارەسەركردنی كێشە و گرفتەكان كۆبونەوە.
ژوری بازرگانی و پیشەسازی هەولێر بڵاویكردۆتەوە، شاندێكی یەكێتی ژورەكانی بازرگانی و پیشەسازی هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتی محەمەد شەهاب سەرپەرشتیاری یەكێتی ژورەكانی بازرگانی لە شاری بەغدا سەردانی یەكێتی پیشەسازكارانی عیراقیان كردو لە لایەن سەرۆك و ئەندامانی یەكێتییەكە پێشوازیان لێكرا.
لەكۆبونەوەكەدا شاندی بازرگانی هەرێم كێشەو گرفتەكانی پیشەسازكارانی هەرێمی كوردستانیان لەگەڵ سەرۆك و ئەندامانی یەكێتی پیشەسازكارانی عیراق تاوتوێ كردوە بە ئامانجی چارەسەركردنیان، لە تەوەرێكی دیكەدا گفتوگۆ كرا لەسەر رێگریكردنی بەرهەم و كاڵاكانی پیشەوەرو بازرگانانی هەرێم لەلایەن بازگەكانی عیراق و هەروەها هەوڵدان بۆ سودمەندبونی پیشەوەرانی هەرێم لە ماف و ئیمتیازاتەكان هاوشێوەی پیشەوەرانی ناوەڕاست و باشوری عیراق.
هەر لە راگەیەنراوەكەدا هاتوە، سەرۆكی یەكێتی پیشەسازكارانی عیراق پشتگیری خۆی بۆ داواكاریەكان نیشانداو بە مافێكی رەوای هەرێمیان زانیوە، بەڵێنیشیداوە بە پێكهێنانی لیژنەیەكی هاوبەش لە هەردولا بۆ ئەوەی لە نزیكترین كاتدا كێشەكان چارەسەر بكەن و داواكارییەكان جێبەجێ بكەن.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group