لەسلێمانی سیستمێكی نوێ بۆ داواكردنی دەرمان كاری پێدەكرێت

04/09/2024

نەوا-
لەكۆگای دەرمانی هەرێم لەشاری سلێمانی سیستمێكی نوێی ئەلكترۆنی بۆ داواكردنی دەرمان و پێداویستی پزیشكی كاری پێدەكرێت.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی بڵاویكردۆتەوە، لەكۆگای دەرمانی هەرێم لەسلێمانی سیستمێكی نوێی ئەلكترۆنی داواكردنی دەرمان و پێداویستی پزیشكی دروستكراوە، ئەو سیستمە  زۆر كاریگەرو چالاكە لە رێكخستن و بەڕێوەبردنی كۆگاكە بۆئەوەی نەخۆشخانەكان بتوانن داواكاری دەرمان و پێداویستی پزیشكی راستەوخۆ لەكۆگای دەرمانی هەرێم ئەنجام بدەن.
راشیگەیاندوە، لە چوارچێوەی جێبەجێكردنی ئەو پرۆژەیەدا، راهێنانێكی تایبەت لەسەر سیستمی داواكردنی ئەلكترۆنی بۆ دەرمان و پێداویستی پزیشكی لەنێوان نەخۆشخانەكان و كۆگای دەرمانی هەرێم لەشاری سلێمانی رێكخراو تیشكخرایە سەر چۆنیەتی بەڕێوەبردنی پرۆسەی داواكردنی دەرمان بەشێوەی ئەلكترۆنی لەنەخۆشخانەكانەوە بۆ كۆگای دەرمانی هەرێم، ئەو هەنگاوەش كاریگەری راستەخۆی دەبێت لەسەر باشتركردنی كارایی و خێرایی وەڵامدانەوەی پێداویستییەكانی نەخۆشخانەكان.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group