بە چەند بڕیارێك ژینگەی هەولێر لە پیسبون دەپارێزرێت

04/08/2024

نەوا-
حەوت بڕیار دەركرا بەمەبەستی پاراستنی ژینگەی هەولێرو لەناویاندا 138 پاڵاوگەی نایاسایی دادەخرێن.
بەگوێرەی راگەیەنراوێك، ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر سەرپەرشتنی كۆبونەوەیەكی كردوە تیایدا ژمارەیەك بڕیاری تایبەت دەركراون لەناویاندا داخستنی 138 پاڵاوگەی نایاسایی لەسنوری پارێزگاكە هەن هەروەها ئەو پاڵاوگانەی یاساییشن مۆڵەتی 10 رۆژیان پێدەدرێت بۆ جێبەجێكردنی مەرجە ژینگەییەكان و نەهێشتنی كەموكوڕییەكان.
هەر لە بڕیارەكاندا هاتوە كە كارگە جۆراوجۆرەكان و بەتایبەت كارگەی قیر پێویستە دەستبەجێ‌ گرفتە ژینگەییەكانیان چارەسەر بكەن بەپێچەوانەوە رێكاری یاساییان بەرامبەر دەگیرێتەبەر، مۆڵەتی یەك هەفتەش بە مۆلیدە ئەهلییەكان دەدرێت لە ئان و ساتی جێبەجێنەكردنی رێكارە ژینگەییەكان و بڕیاری كاتم كردن و نەهێشتنی دوكەڵ رێككاری توند بەرامبەریان دەگیرێتەبەرو وێستگەی هەڵمی خەباتیش پێویستە تەواوی مەرجە ژینگەیی و تەندروستییەكان جێبەجێ بكات.
هەروەها سەبارەت بۆ ئۆتۆمبێلیش لەبڕیارەكەدا هاتوە، هەڵمەتێك لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی هەولێر بەرامبەر ئەو ئۆتۆمبێلانەی كە دوكەڵ دەكەن و زیان بە ژینگە دەگەیەنن دەستپێدەكات، دەست بەسەر ئۆتۆمبێلەكانیاندا دادەگیرێت و بەڵێننامە لە خاوەنەكەی وەردەگیرێت و ناچار دەكرێن ئۆتۆمبێلەكەی چاك بكەنەوە.

شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group