نەوا-
بەبۆنەی نزیكبونەی رۆژی جیهانی ژینگەوە، وەزارەتی ژینگەی عیراق هەڵمەتێكی پاككردنەوەی لێوارەكانی روباری دیجلەی راگەیاندو چەندین لایەنی حكومی و رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی بەشداریان لە پاككردنەوەیدا كرد.
دەستپێكردنی هەڵمەتی پاككردنەوەی كەنارەكانی روباری دیجلە كە وەزارەتی ژینگەی عیراق دەستپێكردوە بۆ پاككردەوەو فڕێدانی ئەو خاشاكانەوە بوە كە لە لێواری روبارەكە كۆبونەتەوە.
لەوبارەیەوە جاسم فەلاحی بریكاری وەزارەتی ژینگە رایگەیاندوە: هەوڵەكانمان لەسەر بنەمای كاركردنی گروپ و خۆبەخشی بەردەوامن، ئاشكرایە كە ئەم هەوڵانە بۆ لابردنی ئەو خاشاك و پاشماوانەیە كە لە لێواری روبارەكە كەڵەكە بون كە هۆكارەكەی زیادبونی رێژەی دانیشتوانە لەگەڵ پاشەكشەی ژێرخانی وڵات و كەبونەوەی هەوڵە خۆبەخشییەكانە لەنێوان هاووڵاتیاندا.
بریكاری وەزارەتی ژینگە وتوشیەتی: پێمانوایە ئەم جۆرە كارانە تێگەیشتنی هاووڵاتیان زیاتر دەكەن بۆ پاكڕاگرتنی ژینگەی خۆیان بەتایبەت ئێستا كە گۆڕانكاری لەسەر كەشوهەواری عیراق هەیە.
بە مەبەستی بەرزكردنەوەی ئاستی هۆشیاریی ژینگەیی دانیشتوانی سەرزەوی لەپێناو بایەخدان بە ژینگەی پاك و سەوزی ژیانی مرۆڤ رۆژی جیهانی ژینگەیی دیاریكرا، ئەم رۆژە بۆ یەكەمینجار لە كۆنفرانسێكدا بەناوی مرۆڤ و ژینگە لە 5 تا 15ی حوزەیرانی 1972دەستیپێكرد.