نەوا -
ئینستتیوتی پەی بۆ پەروەردە و گەشەپێدان بڵاویكردەوە، پەرلەمانی كوردستان لە وەرزی یاسادانانی بەهارەیدا نەیتوانیوە ئەركی خۆی وەك پێویست جێبەجێ بكات و تەنها 6 یاسای دەركردووە، لە ماوەی 6 مانگیشدا 10 پەرلەمانتار هیچ بەشدارییەكیان نەبووە.
ئینستتیوتی پەی لە كۆنگەرەیەكی رۆژنامەوانیدا راپۆرتی خۆی سەبارەت بە كارەكانی 6 مانگی پەرلەمانی كوردستان بڵاوكردەوە و تێیدا هاتبوو، ئەو یاسایانەی لەو ماوەیەدا دەریكردوون گرفتیان هەبووە و كواڵێتیان وەك پێویست نییە، بۆیە زۆرترینیان نەچونەتە بواری جێبەجێكردنەوە یاخود هەر دوای دەرچونیان پێویستیان بە هەموار هەبووە.
ئەوەش هاتووە، هەروەها وێرای ئەو هەموو ناڕەزایی و كەموكوڕی و داوایەی هەبوو، متمانە لە هیچ وەزیرێك نەسەنراوەتەوە، لەلایەن ژمارەی یاسایی ئەندامانیشەوە هیچ یادداشتێك بەمەبەستی داوای پرساندن پێشكەش نەكراوو.
لە راپۆرتەكەدا ئەوەش هاتووە، بەرنامەی كاری دانیشتنەكانی پەرلەمان لەگەڵ خواستەكانی خەڵكی وێكنایەتەوە، بۆیە بەردەوام نارەزایی لەلایەن ئەندامانی ئۆپۆزیسیۆنەوە دەربڕدراوە و پەشێوی دروستبووە، لەم خولەی گرێدانەشدا 10 پەرلەمانتار ماوەی 6 مانگ لە دانیشتنەكاندا هیچ قسەیەكیان نەكردووە و هیچ بەشدارییەكیان نەبووە.
ئینستتیوتی پەی داواش لە سەرۆكایەتی پەرلەمان و پەرلەمانتاران دەكات، جەخت بكەنەوە لە ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە زوترین دەرفەتدا و نەریتی درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمان كۆتایی پێبهێنرێت، هەروەها پەیمانێكی شەرەف لەنێوان هێز و لایەنە سیاسییەكان واژۆ بكرێت و پەرلەمان بەڕاستی باڵاترین مەرجەعی سیاسی و یاسایی هەرێم بێت و بۆ پرسە چارەنوسسازەكان بۆی بگەڕێنەوە.