لە ژاپۆن هۆشداری لە رودانی تسۆنامی دەدرێت
2 رۆژ پێش ئێستا جیهان
نەوا-
لیژنەی بومەلەرزەزانی حكومەتی ژاپۆن ساڵانە پێشبینییەكانی خۆی لەسەر ئەگەری رودانی بومەلەرزەو تسۆنامی بڵاودەكاتەوەو هۆشداری دەدات.
ماڵپەڕە جیهانییەكان بڵاویانكردوەتەوە، بەپێی دوایین پێشبینییەكانی لیژنەی بومەلەرزەزانی حكومەتی ژاپۆن 80% ئەگەری رودانی بومەلەرزەیەك بە گوڕی 8 بۆ 9 پلەی رێختەر لەسەر ناوچەی نانكای هەیەو لەساڵی رابردودا ئەگەری رودانی بومەلەرزەكە كەمتر بوە.
راشگەیەنراوە، زانایانی بومەلەرزەزانی نیگەرانن لە ئەگەری رودانی بومەلەرزەی گەورە بەمزوانە لە ناوچەی نانكای، چونكە بومەلەرزەی بەهێز لەم ناوچەیەدا لە هەر 100 بۆ 150 ساڵ جارێك تۆمار دەكرێت، پێشبینی دەكرێت دانیشتوان هەست بە لەرزینێكی بەهێز بكەن بەدرێژایی كەنارەكانی باشوری ناوەڕاستی هۆنشۆ.
ئەوەش ئاشكرا كراوە، ئەم بومەلەرزە گەورەیە لەوانەیە ببێتە هۆی دروستبونی تسۆنامی كە بەرزییەكەی لە 20 مەتر زیاتر بێت لە هەندێك ناوچەدا، جێگای سەرنجیشە كە دوایین بومەلەرزەی گەورە لە ناوچەی نانكای لەساڵی 1946 رویداوە كە بوەهۆی گیانلەدەستدانی زیاتر لە یەك هەزار كەس.