نەوا-
چەند گۆڕێكی بەكۆمەڵی نوێ لە ناوچەی تەل شێخییە لە پارێزگای سەماوە دۆزرانەوە، كە سەرجەمیان ژن و منداڵی كوردن و جلوبەرگی كوردییان لەبەرە.
زیا كەریم بەڕێوەبەری گشتیی گۆڕە بەكۆمەڵەكانی عێراق لە لێدوانێكدا ڕاگەیاند، بۆ یەكەم جار لە رێگەی پێداچوونەوە و شیكردنەوەی وێنەی مانگی دەستكرد، گۆڕی بەكۆمەڵی نوێیان لە تەل شێخییە دۆزیوەتەوە.
ئاماژەی بەوەشدا، دووریی نێوان گۆڕەكان كەمتر لە مەترێكە، سەرجەم قوربانییەكان ژن و منداڵی كوردن و جلوبەرگی كوردییان لەبەرە و یەكدیان لەباوەش گرتووە.
باسی لەوەشكرد، پاشماوەكان زۆر كەڵەكە كراون، لەبەرئەوەی ژن و منداڵن، ژنەكان منداڵەكانیان لە باوەش گرتووە، بۆیە كاری دەرخستنیان زۆر ئاڵۆز و قورسە، هەوڵ دەدەن كە ئێسكەكان تێكەڵ نەبن بۆ ئەوەی پشكنینی DNA بە باشی بكرێت.
ئەمە لە كاتێكدایە، ئەو گۆڕەی كە ئێستا لە تەل شێخییە كاری تێدا دەكرێت لە مانگی 5ـی ئەم ساڵ دۆزراوەتەوە، بە وتەی بەڕێوەبەری گشتیی گۆڕە بەكۆمەڵەكان، تاوەكو ئیستا 50 رووفاتیان دەرهێناوە و پێشبینی دەكەن كە 100 بۆ 150 رووفاتی دیكەشی تیادا بێت.