نەوا-
جەمال كۆچەر ئەندامی لیژنەی دارایی لەئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق دەڵێت: بەپێی كۆتا بڕیاری دادگای باڵای فێدراڵی عیراق نابێت موچەی فەرمانبەرانی سەرجەم وەزارەت و دامەزراوەكانی هەرێمی كوردستان دوا بكەوێت یان نەدرێت.
جەمال كۆچەر لەلێدوانێكدا بۆ ئاژانسی ئەنادۆڵ رایگەیاندوە، دەبێت موچە دور بێت لە ململانێی سیاسی و بەكارتی ئەلكترۆنی و لە رێگای بانكەوە بۆ فەرمانبەرانی هەرێم دابین بكرێت، بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی نابێت تانەیان لێ بدرێت، حكومەتی هەرێمی كوردستانیش پێشتر پابەند بوە بە زۆربەی بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی وەك بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی كوردستان، هەڵوەشاندنەوەی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی لە هەرێمی كوردستان.
جەمال كۆچەر باسی لەوەشكردوە، بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی عیراق دژی هیچ لایەنێك دەرناچێت چەندینجار محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عیراق لە دادگاكە سكاڵای كردوە، بەڵام لەبەرژەوەندی ئەو یەكلایی نەكراوەتەوە.
لەبارەی هەمواری یاسای بودجەشەوە ئەو پەرلەمانتار رایگەیاندوە، ئێستا هەمواری یاسای بودجە لە وەزارەتی پلاندانانی عیراقەو چاوەڕێ دەكرێت رەوانەی ئەنجومەنی وەزیران بكرێت دواتر بگاتە پەرلەمان بۆ ئەوەی دەنگی پێبدرێت، ئەوەی بۆ هەرێمی كوردستان گرنگە دوو پرسە، یەكەمیان خەرجی موچەی فەرمانبەران لە بودجەدا لەچوارچێوەی خەرجی راستەقینەی عیراق بهێنرێتە دەرەوەو بخرێتە سەر خەرجی حاكیمە، دوەمیش بریتییە لە هەموار كردنەوەی نرخی تێچوی دەرهێنانی یەك بەرمیل نەوت كە نرخی یەك بەرمیل نەوتی بە 9 دۆلار لە بودجەدا دیاریكراوە، لەو بڕوایەداین كە لەكاتی گەیشتی بۆ پەرلەمانی عیراق، هەموارەكان بە ئاسانی تێپەڕن.