ئامانجی جێگیربونی هێزی ئەمریكا لە شنگال ئاشكرا دەكرێت

02/06/2018

نەوا

مەحما خەلیل قائیمقامی شنگال رایگەیاند، ئاگاداری ئەوەن ئەمریكا بنكەیەكی سەربازیی لەسەر چیای شنگال دروست دەكات و جۆرەها چەكی قورس و سوك و مامناوەندی تێدا جێگیركردوە.
مەحما خەلیل بە ئاژانسی ئەنادۆڵی وتوە "لەسەرجەم سەردانەكانمان بۆ ئەمریكا نیگەرانییەكانی كوردی ئێزدی و پێكهاتەكانی سنوری شنگالمان گەیاندە ناوەندە سیاسییەكانی ئەو وڵاتە و جەختمان لەوە كردووەتەوە شنگال پێویستی بە پاراستنی نێودەوڵەتی هەیە".
دەشڵێت "ئەوەی ئێمە وەك ئیدارەی شنگال ئاگادارین جێگیربوونی ئەو هێزە ئەمریكییە لە لوتكەی مێرای سەر چیای شنگال بۆ دروستكردنی بنكەیەكی گەورەی سەربازییە، كە ئەمریكا لە مێژبوو دەیویست لە ناوچەكەدا رێگری بكات لەو دەستوەردانەی ئێران لە كاروباری عیراق و هەرێمی كوردستاندا دەیكات".
بەگوێرەی زانیارییەكانی قائیمقامی شنگاڵ، هێزە ئەمریكییەكە ژمارەیەكی زۆر لە چەكی قورس و سوك و مامناوەندیشیان جێگیركردووە. پێشیوایە، جێگیربونی ئەو هێزە دەبێتەمایەی سەقامگیری لە ناوچەكەدا و پاراستنی پێكهاتەكانی سنوری شنگال بە تایبەت كوردی ئێزدی و كریستیانەكان زامن دەكات.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group