نەوا-
كونسوڵی گشتی ئەمریكا لە هەرێم دەڵێت، هەوڵەكانیان بۆ ئەوەیە پێشمەرگە شەڕ بۆ هەرێمی كوردستان بكات نەك بۆ كەسانێك و كەسایەتی دیاریكراوی حزبی.
ستیڤ بیتنەر كونسوڵی گشتی ئەمریكا لە هەرێمی كوردستان لەمیانی وتارێكدا لە مەڕاسیی ڕاگەیاندنی پلاتفۆڕمی تەندروستی پێشمەرگە ڕایگەیاند، ئەم بەرنامەیە چەندین ئەفسەری سەربازی كاری تیادا دەكەن كە لە بواری تەندروستی لێهاتون تەكنیك و ڕێگەی باشیان پێدەدات بۆ ئەوەی زانیاریەكانی پێشمەرگە تۆماربكرێت و سودیان لێوەبگیدرێت، بەوەش كاروباری تەندروستی پێشمەرگە بەشێوەیەكی باش بەڕێوەدەبات.
باسی لەوەشكرد، ئەو پلاتفۆڕمە بەشێكە لە هەوڵەكانیان بۆ ئەوەی وابكەن كە وەزارەتی پێشمەرگە ناحزبی بێت و ئەوەش وادەكات پێشمەرگە شەڕ بۆ هەرێمی كوردستان بكات نەك بۆ كەسانێك و كەسایەتی دیاریكراوی حزبی بێت.
ئاشكراشیكرد، لە پاڵ هەوڵەكانیان بۆ ناحزبیكردنی پێشمەرگە، ئەوان ماوەی زیاتر لە 10 ساڵە لەڕوی ڕاهێنانی پزیشكی و ڕاهێنانی دیكەوە یارمەتی هێزەكانی پێشمەرگەیان داوە بەوەش توانای پێشمەرگە زیاتر دەبێت بۆ ئەوەی ڕوبەڕوی هەڕەشە جۆراوجۆرەكان ببێتەوە.
كونسوڵی گشتی ئەمریكا لە هەرێمی كوردستان ئاماژەی بەوەشدا، ئێمە پێكەوە هەوڵ بۆ عێراقێكی سەقامگیرتر دەدەین و دەمانەوێت هێزەكان پڕ چەك بكرێن بۆ ئەوەی پەرپەچی هەڕەشە جیاجیاكان بدەنەوە سەرچاوەی پزیشكیان لەبەردەستدا بێت.