زیاتر لە 3 هەزار دۆسیە دژی ئەو لایەنانە كراونەتەوە كە سەرپێچی ژینگەییان كردوە

3 رۆژ پێش ئێستا

نەوا-
دەستەی چاككردن و پاراستنی ژینگەی هەرێمی كوردستان بڵاویكردەوە كە لەماوەی رابردودا لەهەولێر 60 پاڵاوگەو لە دهۆك 13 پاڵاوگە داخراون.
بەبۆنەی رۆژی جیهانی ژینگەوە كە 16/4ی هەمو ساڵێكە، لەپرێس كۆنفرانسێكدا لوقمان شیروانی بەڕێوەبەری دڵنیایی جۆری لە دەستەی پاراستن و چاككردنی ژینگە رایگەیاند: بەپێی یاسا دەسەڵاتی ئەوەیان هەیە رێگری لەو كەسانە بكەن كە سەرپێچی ژینگەیی دەكەن، لەم چوارچێوەیەشدا لەمیانی ساڵی رابردودا 3 هەزارو 18 دۆسیەیان هەبوە لەگەڵ ئەو كەس و لایەنانەی كە سەرپێچی ژینگەیان ئەنجامداوەو رێكاری یاساییان بەرامبەر گیراوەتەبەر، هاوكات پێنج هەزارو 349 شوێن پشكنین و بەدواداچونی بۆ كراوە بۆئەوەی رێگریی لەپیسبونی ژینگە بكرێت.
لوقمان شیروانی وتیشی: لەكۆی 138 پاڵاوگە لەهەولێر 60 یان داخراون و دەبێت دوبارە پابەندی رێنماییەكانبن بۆ دەستبەكاركردنەوەیان، هەروەها لەپارێزگای دهۆك 13 پاڵاوگە هەبون هەمویان داخراون و ئەوانیش دەبێت دوبارە رێنماییە ژینگەییەكان جێبەجێ بكەن.

 

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group