نەوا-
سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە "دیداری سلێمانی" ، داوای لە پارتی و یەكێتی كرد هەرچی زووە پەرلەمانی كوردستان كارا بكەنەوە و كابینەی نوێی حكومەت پێكبهێنن.
نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە وتارەكەیدا لە نۆیەمین دیداری سلێمانی سەبارەت بە گۆڕانكارییە جیۆپۆلەتیكییەكانی جیهان و ناوچەكە و ئاڵنگارییە هاوبەشەكانی وەكو گۆڕانی كەشوهەوا رایگەیاند، هەرێمی كوردستان باوەڕی بە گرنگیی هاریكاری و كاری هاوبەشی نێودەوڵەتی هەیە بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەم ئاڵنگارییانە.
هەروەها، نێچیرڤان بارزانی پێشوازی و پشتیوانی هەرێمی كوردستانی بۆ پرۆسەی ئاشتی لە توركیا دووپاتكردەوە و ئاماژەی بەوەدا، هێزی ئاشتی لە هێزی هەموو شەڕەكان گەورەترە ونكۆڵیكردن لە مافی كورد لە رابردوودا تەنها شەڕ و ماڵوێرانی بەدوای خۆیدا هێناوە و ئێستا كاتی ئەوەیە بە دیالۆگ و لێكتێگەیشتن كێشەكان لە چوارچێوەی وڵاتاندا چارەسەر بكرێن.
سەبارەت بە پەیوەندییەكانی هەولێر و بەغدا، سەرۆكی هەرێم پابەندبوونی هەرێمی بە دەستووری عێراق وەكو چوارچێوەی رێكخستنی پەیوەندییەكان دووپاتكردەوە و ستایشی هەوڵەكانی سەرۆكوەزیران سوودانی كرد بۆ چارەسەركردنی كێشەكان، داواشی كرد كار لەسەر جێبەجێكردنی ماددەی 140 و یاسای گێڕانەوەی موڵكداری بكرێت.
سەرۆكی هەرێمی كوردستان جەختی لە پێویستیی كاراكردنەوەی پەرلەمانی كوردستان و پەلەكردن لە پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمی كوردستان كردەوە و ئەوەشی بە كاری هەرە لەپێشی پارتی و یەكێتی ناوبرد، هەروەها پیرۆزبایی لە خەڵكی هەڵەبجە كرد بەبۆنەی بەپارێزگابوونی شارەكەیانەوە.