نەوا-
سەرۆك وەزیرانی عێراق لە دیداری سلێمانی رایگەیاند، شانازی بە دەستكەوتەكانی سلێمانییەوە دەكەین.
محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق لە دیداری سلێمانی رایگەیاند، سوپاسی ئەو كەسانە دەكەین كە ئەركی ئەم پانێڵەیان خستووەتە سەر شانی خۆیان و ئێمەش دەمانەوێت لە رێگەی دیداری سلێمانییەوە عێراق بێتە ئاستی یەكەم لە هەموو بوارەكان و لە نێوان وڵاتانی ناوچەكەدا.
ئاماژەی بەوەشدا، شارەكانی عێراق بەشێوەیەكی گشتی بەرەوپێشچوونی بەخۆوە بینیوە، ئێمە دڵخۆشین لە ماوەی ئەم دوو ساڵ و نیوەی حكومڕانییەدا عێراقمان زیاتر بەرەو پیشەوە بردووە، بوونی توانایەكی زۆری گەنجان لە وڵاتەكەدا چەكێكی كاریگەرە بۆ بەرەوپێشبردنی زیاتری وڵاتەكەمان.
سودانی جەختی لەوەشكردەوە، بە هیچ جۆرێك لامان قبوڵ نییە كە كێبڕێكی سیاسی ببێتە هۆی لێدان لە دەستكەوتەكانی حكومەت و وڵات، بۆیە دەبێت حكومەت كێبڕكێ بكات بۆ پێشكەشكردنی باشترین خزمەت بە هاووڵاتیان و ژیان و گوزەرانی هاووڵاتیان.
ئاشكراشیكرد، لە هەڵبژاردنی داهاتوو خۆم كاندید دەكەم، هەروەها هاووڵاتیان دەتوانن لە رێگەی هەڵبژاردنەوە روبەڕوی گەندەڵی ببنەوە.