بافڵ تاڵەبانی بۆ شاندی ئیمراڵی: هیوادارین نیەتی جدی هەبێت بۆ پتەوكردنی برایەتی كوردو تورك

3 رۆژ پێش ئێستا

نەوا-
بافڵ تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و شاندی ئیمراڵی بە سەرۆكایەتی پەروین بوڵدان و سری سورەیا ئۆندەر لەشاری سلێمانی كۆبونەوە.
بەگوێرەی ئەو زانیاریانەی میدیای فەرمی یەكێتی بڵاویكردوەتەوە، لە كۆبونەوەكەدا شاندی ئیمراڵی سڵاو و پەیامی عەبدوڵڵا ئۆجەلان رێبەری زیندانیكراوی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە)یان گەیاندو بڕیارو سیاسەت و بژاردەكانی خۆشیان لەسەر روداوە سیاسییەكانی ناوچەكە، پرسی ئاشتی لە توركیاو گفتوگۆكانیان لەگەڵ ئۆجەلان خستەڕو.
ئاماژە بەوەشكراوە كە سەرۆكی یەكێتی لە كۆبونەوەكەدا بۆچونی خۆی و ستراتیژیی حزبەكەی لەبارەی قۆناغی نوێی ئاشتی لەتوركیا بە راشكاوانە خستۆتەڕو و رایگەیاندوە، پشتگیری و پشتیوانی لەهەر دەستپێشخەرییەك دەكەن كە مافی گەلی كورد لە توركیا دەپارێزێت و وەك یەكێتیش هاریكاریی سەرخستنی ئەم هەوڵە مێژووییە دەبن كە بەردی بناغەكەی لەساڵی (1993) جەلال تاڵەبانی سەرۆكی كۆچكردوی یەكێتی دایناوە.
هەروەها بافڵ تاڵەبانی وتوشیەتی: تاوەكو پرسی كورد چارەسەر نەكرێت ناوچەكە ئاشتی و ئارامی سەرتاسەری بەخۆیەوە نابینێت، وەك پێشتر وتوشیانە پرسی كورد بە چەك و شەڕ چارەسەر نابێت، نە ئەنجامی دەبێت، چونكە تاكە بژاردە گەڕانەوەیە بۆ گفتوگۆ و دیالۆگی جدی، هەروەها دەستی برایەتی بۆ هەموولایەك درێژدەكەین هیوادارین نیەتێكی جدی هەبێت بۆ پتەوكردنی برایەتی كوردو تورك و سەرخستنی ئەم هەوڵە نیشتمانییە.

شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group