نەوا-
لە كاتێكدا كە روداوی كەوتنەخوارەوەی فڕۆكەی دێڵتا لە تۆرۆنتۆ رویدا پرسیاری ئەوە دەكرێت كە ئایا هێشتا گەشتكردنی ئاسمانی سەلامەتترین ئامرازی گواستنەوەیە یاخود مەترسیدارە؟.
ماڵپەڕێكی ئەوروپی بڵاویكردۆتەوە، چەند رۆژێك پێش ئێستا فڕۆكەیەكی هێڵی ئاسمانی كۆمپانیای دێڵتا كە 80 سەرنشینی تێدابو لە فڕۆكەخانەی تۆرۆنتۆ نیشتەوەو دەستبەجێ فڕۆكەكە وەرگەڕا، ئەمەش بوە دوایین روداو لە زنجیرەیەك روداوی فڕۆكەوانی لەساڵی 2025دا رویدابێت.
ئەوەش خراوەتەڕو، لەو روداوەدا هیچ كەسێك گیانی لەدەستنەداو تەنها بوە هۆی ئەوەی ژمارەیەك لە سەرنشینەكان و تیمی فڕۆكەوانی بە برینداری بگوازرێنەوە بۆ نەخۆشخانە، شارەزایانیش دەڵێن رەنگە بای بەهێزو بەفر بوبێتە هۆی وەرگەڕانی فڕۆكەكە.
ئەوەش ئاشكرا كراوە، ئەم روداوانەی لەم دواییەدا رویانداوە وای لە گەشتیاران كردوە كە گەشت لەڕێگەی فڕینەوە ئەنجامنەدەن و پێیان وابێت مەترسیدارە، بەڵام هێشتا كەوتنەخوارەوەی فڕۆكەكان زۆر دەگمەنەو بە وتەی شارەزایان تاوەكو ئێستا گەشتی ئاسمانی سەلامەتترین ئامرازی گواستنەوەیە.