نەوا-
بەڕێوەبەرایەتی كەشناسی و بومەلەرزەزانی سلێمانی زانیارییەكانی كەشوهەوای مانگی 1ی رابردوی بڵاوكردەوەو ئاشكرایكردوە بەراورد بە سی ساڵی رابردو گەرمتر بوە.
بەڕێوەبەرایەتی كەشناسی و بومەلەرزەزانی سلێمانی لە راگەیەنراوێكدا بڵاویكردوەتەوە، بەپێی داتا تۆماركراوەكانی وێستگەی كەشناسی سلێمانی، لەمانگی كانونی دوەمی ئەمساڵ نزمترین پلەی گەرمی 0.2 پلەی سەدی تۆمار كراوەو بەرزترین پلەی گەرمیش 18.2 پلەی سەدی بوە.
راشیگەیاندوە، تێكڕای پلەی گەرمی لەم مانگەدا 8.1 پلە بوە كە بەراورد بە تێكڕای پلەی گەرمی مانگی كانونی دوەمی سی ساڵی رابردو ئەمساڵ 1.3 پلە گەرمتر بوە.
كەشناسی و بومەلەرزەزانی سلێمانی ئاماژەشیكردوە، كۆی گشتی باران لەم مانگەدا 25.2 ملم بوە كە بەراورد بە تێكڕای بارینی مانگی كانونی دوەمی سی ساڵی رابردو نزیكەی 100 ملم كەمتر بوە.