نەوا-
یەكێتی مامۆستایانی كوردستان پەیامێكی ئاڕاستەی مامۆستایان كرد.
مەكتەبی سكرتاریەتی یەكێتی مامۆستایانی كوردستان لە پەیامێكدا كە ئاراستەی مامۆستایانی كردوە دەڵێت، ئێمە لە یەكێتی مامۆستایانی كوردستان نیگەرانی قوڵی خۆمان دەرئەبڕین بەرامبەر دواكەوتنی مووچەی فەرمانبەران و مامۆستایان، كە زیاتر لەپەنجا ڕۆژە موچە دابەشنەكراوە.
ئاماژەی بەوەشدا، دیاریش نییە كەی مووچە دەدرێت، بێگومان ئەمەش كاریگەری نەرێنێ لەسەر پرۆسەی پەروەردەوفێركردن و ژیان وگوزەرانی مامۆستایان جێهێشتووە.
وتیشی، لەسۆنگەی بەرپرسیارێتیمان لەبەرامبەر مامۆستایان، بەمافی خۆمانی دەزانین پشتگیری هەر داواكاری و ناڕەزایەتیەك بكەین، كە لەچوارچێوەی ڕێكارە مەدەنیەكان بێت، لەبەرامبەر دواخستنی پێدانی مووچەی مانگی 10 و كەبەشی زۆری پارەكە هاتووە ، هەروەها نەبوونی هیچ ئاماژەیەك بۆ موچەی مانگەكانی 11 و12ی ئەم ساڵ .
بۆ ئەم مەبەستەش یەكێتی مامۆستایانی كوردستان ئاماژەیا بە چەند خاڵێكداوە.
1. چیدی یاری بەقوت وبژێوی مامۆستایان نەكرێت، هەرچی زووە مووچەی مانگەكانی 10و11و12 خەرج بكرێت، هیچ پاساوێك بەڕەوا نابینین بۆ نەدانی ئەم مافە كە دواجار كاریگەری خراپی هەبێت بۆسەر پرۆسەی پەروەردەو گوزەرانی مامۆستایان.
2. ئێمە لەكاتێكدا چاوەڕێ بووین پلەبەرزكردنەوەی مامۆستایان و فەرمانبەران بگێڕنەوە كە لە 1ـ2ـ2016 ڕاگیراوە و وەك ستەمێك لەمووچەخۆران ، كەچی دواكەوتن و پێنەدانی مووچە دووبارە و چەند بارە بووەتەوە.
3. داواكارین لە حكومەتی ناوەند و حكومەتی هەرێم بەتەواوی پابەندبن بەبڕیاڕەكانی دادگای ئیتحادی، هەرچی پرسی مووچەشە بەدوور بگیرێت لەململانێی سیاسی و بەرژەوەندیە تایبەتەكان.
لەكۆتاییدا دووپاتیان كردۆتەوە، كەخۆیان بەهەڵگری پەیامی زانست و زانیاری دەزانین لەپێناو پێگەیاندنی نەوەیەكی تەندروست، بۆ ئەو مەبەستە هەموو هەوڵێك بەڕەوا دەزانین بۆ باش بەڕێوەچونی، بە پێچەوانەوە لەهەرپێشهاتێكی نەرێنی كە لە پرۆسەی پەروەردە و فێركردن ڕوبدات، هۆكارەكەی بەدڵنیاییەوە مامۆستایان نین ، بەڵكو ئەوانەن كەیاری بەقوت و بژێوی مامۆستایان دەكەن.