نەوا-
محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عیراق لەگەڵ ژمارەیەك لە پیاوانی ئاینی مەسیحی لەپێكهاتە جیاوازەكان كۆبوەو پیرۆزبایی ساڵیادی لەدایكبونی پەیامبەری مەسیحی لێكردن.
لە راگەیەنراوێكدا هاتوە، سودانی لەڕێگەی ڤیدیۆ كۆنفرانسەوە كۆبونەوەكەی ئەنجامداوەو لەبەشێكیدا هیوای خواستوە ئەمساڵ ببێتە مایەی خێرو خۆشی و سەقامگیریی بۆ عیراقییەكان، چێژ لە ئارامی و رۆحی برایەتی لەنێوان هەمو گەلی عیراقدا وەرگرن.
هەروەها راشیگەیاندوە، حكومەتی عیراق جەخت لەسەر بەهێزی هەمەچەشنی دەكاتەوە كە نوێنەرایەتی تایبەتمەندی گەل دەكات بە هەمو پێكهاتەكانییەوە، ئەركی سەرشانی هەموانیشە كە شوێنەواری هەمەچەشنی عیراق بپارێزن و برایەتی و یەكڕیزی لە رێگەی وتارەوە پەرە پێبدەن.
سودانی وتوشیەتی: عیراق ناوەندێكی مێژویی مەسیحییە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و مەسیحییەكان بۆ چەندین سەدەیە بەشدارییان لە شارستانیەت و كلتورو پێشكەوتنی عیراق كردوو، لە چەند وێستگەیەكی جۆراوجۆردا بەشداریان لە بنیاتنانی ئەم وڵاتەشدا كردوە.