مەرجەكانی بەشداریكردنی كۆمپانیاكان بۆ وەرزی حەجی داهاتو بڵاوكرایەوە

14 کاتژمێر پێش ئێستا

نەوا-
بەڕێوەبەرایەتی گشتی حەج و عومرەی هەرێمی كوردستان مەرجەكانی بەشداریكردنی كۆمپانیاكانی بۆ وەرزی حەجی ساڵی 2025 بڵاوكردەوە.
لە نوسراوێكدا بەڕێوەبەرایەتی گشتی حەج و عومرە ئاماژەی بەوەكردوە، تەنها ئەو كۆمپانیانەی كە لە بواری (حەج و عومرە ) یان (عومرە) كار دەكەن مافی پێشكەشكردنی داواكاریان دەبێت، هەروەها بۆیان هەیە داواكاری پێشكەش بكەن بە مەرجێك هەركۆمپانیایەك لە ماوەی ساڵی (2024) دا هەشت جار گەشتی عومرەی ئەنجام دابێت كە بەڕێژەی (10%) بەشداردەبن لەپرۆسەی حەج بە لەبەرچاوگرتنی گشت مەرجەكان.
هەر بەپێی نوسراوەكە، پێویستە تا كاتی ئەنجامدانی تیروپشك داواكار هیچ كێشەیەكی تەندروستی نەبێت كە ببێتە گرفت لە بەردەم خزمەتكردنی حاجیان و  نابێت لەساڵی رابردودا لەلایەن دادگاكان و دەزگاكانی نەهێشتنی تاوان هیچ سزایەكی یاسایی درابێت.
ئەمەی خوارەوە دەقی نوسراوەكەیە:-
مەرجەكانی بەشداریكردنی كۆمپانیاكان بۆ وەرزی حەجی ساڵی (2025 ز - 1445 ك)
1- تەنها ئەو كۆمپانیانەی كە لە بواری( حەج و عومڕە ) یان (عومڕە) كار دەكەن مافی پێشكەشكردنی داواكاریان دەبێت.
2- كۆمپانیاكانی بواری عومڕە بۆیان هەیە داواكاری پێشكەش بكەن بە مەرجێك هەركۆمپانیایەك لە ماوەی ساڵی(2024) هەشت جار گەشتی عومڕەی ئەنجام دابێت و كە بە ڕێژەی (10% ) بەشداردەبن لەپرۆسەی حەج بە لەبەرچاوگرتنی گشت مەرجەكان .
3-كۆمپانیاكانی بواری (حەج وعومڕە) یان (عومڕە) ئەگەر ساڵێك بە سەر دامەزراندنیان تێپەڕ نەبووبێت، ناتوانن بۆ وەرزی حەجی (2025) داواكاری پێشكەش بكەن.
4- تیروپشك بە شێوەیەكی ناوەندی و ئاشكرا لە هەولێر ئەنجام دەدرێت بە ئامادەبوونی لایەنی پەیوەندار و  خاوەن كۆمپانیاكان.
5- ئەو كۆمپانیانەی كە داواكاری پێشكەش دەكەن، پێویستە پاكانەیان هەبێت.
6- پێویستە كۆمپانیا پشتگیری بەڕێوەبەرایەتی گشتی تۆماركردنی كۆمپانیاكان لە سنوری پارێزگای خۆی بهێنێت .
7- پێویستە كۆمپانیا پشتگیری كۆمەڵەی كۆمپانیاكان بێنێت كە بەردەوامە لە كاركردن.
8- نابێت كۆمپانیا لە ماوەی ساڵی رابردوو سزای كارگێری درابێت تاكوو رێكەوتی ئەنجامدانی تیروپشك .
9- پێویستە تا كاتی ئەنجامدانی تیروپشك داواكار هیچ كێشەیەكی تەندروستی نەبێت كە ببێتە گرفت لە بەردەم خزمەتكردنی حاجیان.
10-  نابێت داواكار لە ساڵی رابردوو لە لایەن دادگاكان و دەزگاكانی نەهێشتنی تاوان هیچ سزایەكی یاسایی درابێت.
11- بەرێوەبەری رێگەپێدراوی كۆمپانیا یان هاوبەشەكەی، یەكێكیان كە گشت مەرجەكانی تێدابێت، دەتوانێت داواكاری پێشكەش بكات بەمەرجێك ڕێژەی هاوپشكەكەی لە (25%) كەمتر نەبێت.
12- نابێـت تەمەنی داواكار لە(63) ساڵ زیاتر بێت بۆ گەشتی ئاسمانی.
13- هەر كۆمپانیایەك ئارەزووی بەشداركردنی هەبێت لە تیروپشكی حەجی (2025 ز- 1446 ك) دەبێت بەڵێننامە لە فەرمانگەی دادنووسی بدات كە پابەند دەبێت بە گشت رێنماییەكان بە پێچەوانەوە خۆی بەرپرسیار دەبێت بەرامبەر هەر رێكارێكی یاسایی و كارگێری كە لە بەرامبەری دەكرێت .
14- دوای ئەنجامدانی چاوپێكەوتن لە لایەن لێژنەی تایبەت بە هەڵسەنگاندن، داواكار بە سەركەوتوو هەژمار دەكرێت  ئەگەر ( 60% )ی بە دەست بێنێت ئینجا مافی بەشداری لە تیروپشك دەبێت.
15- لێژنەیەك پێك دێت لە بەرێوەبەرایەتی گشتی حەج وعومڕەی هەرێمی كوردستان و بەئەندامیەتی لێپرسراوی هەر نووسینگەیەك لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكان تایبەت بە سنوری خۆیان بۆ چاوپێكەوتن و ئەنجام دانی تیرو پشك.
16- سەبارەت بەو كۆمپانیانەی كە بە ڕێگەی ووشكانی هاووڵاتیان دەگوازنەوە بۆ ووڵاتی عەرەبستانی سعودیە نابێت تەمەنیان لە (60) ساڵ زیاتر بێت .
17- پێویستە كۆمپانیاكان سەرجەم مامەڵەكان بۆ مەبەستی سەرەوە لەرێگای نوسینگەی حەج وعومڕەی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكانی سنوری خۆیان پێشكەش دەكەن لە رێكەوتی 5/12/2024 تاكوو 19/12/2024 بۆ بەرێوەبەرایەتی گشتی حەج و عومڕە بەرز دەكرێتەوە.
18- پێویستە داواكار هەموو بەڵگەنامەكان لەناو فایلێكی تایبەت پێشكەش بە نوسینگەی حەج و عومڕەی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكانی سنوری خۆیان بكەن و لە ئەگەری هەر كەم و كوڕییەك مافی بەشداریكردنی نابێت.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی حەج و عومڕە

شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group