نەوا-
لەشاری هەولێر رێوڕەسمی 100ساڵەی لەدایكبونی زانای كوردو جیهانی ئیسلامی پرۆفیسۆر دكتۆر مستەفا زەڵمی كۆڕبەندێك بەناونیشانی هزری ئیسلامی و رێكخراوی رۆشنبیریی مستەفا زەڵمی بەڕێوەچو.
لەو رێوڕەسمەدا نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان وتەیەكی پێشكەشكردو لە بەشێكیدا رایگەیاند، خوالێخۆشبو زەڵمی تەنها زاناو بیرمەندێك نەبو، بەڵكو هێمای چاكسازی و نوێكردنەوە بوو لە بیری ئیسلامی و یاسادا، بۆ دروستكردنی كۆمەڵگەیەكی دادپەروەرو مرۆڤانەتر ژیا توانی بەها ئایینییە جێگیرەكان و پێداویستییەكانی سەردەمی نوێ پێكەوە كۆبكاتەوە، بەوەش كارێكی مەزنی ئەنجامدا.
وتیشی: زەڵمی خاوەن دیدێكی چاكسازیی گشتگیر بو لەسەر بنەمای باوەڕێكی قوڵ بەوەی كە ئایینی ئیسلام رێگر نییە لە بەردەم پێشكەوتندا، بەڵكو هێزێكی پاڵنەرە بۆ گەشەكردن و نوێبونەوە، باوەڕی وابو كە یاساكان جێگیر نین بەڵكو ئامڕازێكن بۆ خزمەتی مرۆڤ بۆیە دەبێت گەشە بكەن تاكو لەگەڵ پێداویستی گۆڕانكاریی گەلاندا بگونجێن.