بێگومان چەمكی سیكۆلاریزم لە دوای راپەرینەوە هاتۆتە ناو فەرهەنگ و ئەدەبیاتی هزری سیاسیی كۆمەڵگەی ئێمەوە، هێشتا جڤاتی كوردی نەیتوانیوە تێگەیشتن و مەعریفی هەمەلایەن و بابەتییانەی دروست، دەربارەی سیكولار و چەشنەكانی هەبێت. تاڕادەیەك جۆره بەدحاڵیبونێك هەیە و بە جۆرێك دەستەبژێری پیاوانی ئایینی و ئیسلامیگەرا و رەوتە نائیسلامییەكان و رۆشنبیر و نووسەرانی دابەشبوونەتە سەر دوو تێگەیشتنی دژ بەیەك. یەكەم: بریتین لەو رەوت و لایەنە ئیسلامگەرا و سەلەفی و ئوسوڵیی و مسوڵمانانی میللی. دووەم: بریتین لەو بزووتنەوە و گروپی بەناوی سیكۆلار و بەشێك لە دەستەبژێری رۆشنبیر و نووسەران. لە نێوان هەردوو ئاڕاستەكەدا تائەندازەیەكی ترسناك مشتومڕ و ناكۆكی قولی دروستكردووە، ئاراستەی یەكەم واتا لایەنە ئایینیەكان پەڕگیرانە سیكولاریزم به ئیلحاد و دژە دین دەناسێنن بە تەواوی رەتی دەكەنەوە، هەرچی بەرەی دووەمە بە پێچەوانە پێیانوایە سیكۆلاریزم چەتر و پارێزەر و رێزدانانە لە ئایینزایی و جیاوازییەكان دادەنێن. لێرەدا دەكرێت سیكولاریزم، ئیماندار و لا دینییەكان گەر خواستی ئەوەیان هەبێت لە مانا و كرۆكی چەمكی سیكۆلاریزم تێبگەین، زۆر پێویست و گرنگە بێ بنەما و بێ خوێندنەوە و تێگەیشتن لە مانای سیكۆلاریزم و هیچ جۆرە حوكمێكی پێشوەختە بەسەردا نەدرێت، چونكە بەدڵنیایەوە ئەوسا دەكەونە هەڵەی میتۆدی و لۆژیكی و عەقڵەوە. لە كتێبی دنیای سیكۆلاریزم لە نووسینی ئاوستن كلایندا، بەشێوەیەكی بابەتی و زانستییانە دوور لە لایەنگری و ئایدیۆلۆژی، بە زمانێكی سادە و بابەتییانە، مانا و رەهەندەكانی چەمكی سیكۆلاری شرۆڤە كردووە. بۆیە ئەو خوێنەرەی خاوەنی ئایدیۆلۆژیای دیینی بێت یان بیری لیبرال و كۆمۆنیست و تەنانەت ئیلحادیشی هەبێت، كاتێك ئەو كتێبە دەخوێنینەوە، دەتوانین بڵێین تاڕادەیەكی باش روئیا و تێگەیشتنێكی جیاواز ترمان لەسەر چەمكەكە پێدەدات و باشتر دەچێتە ناوەخن و كڕۆكی سیكولاریزم و تا ئەندازەیەكی باش تێگەیشتنی دروستترمان لەسەر مێژوو و چەمك و پێناسە و پارادیمی دونیاگەری و ناوەڕۆكی بابەتەكە بۆ دروست دەبێت. دواجار ئەوەی گرنگە لەسەر ئەم چەمكە بڵێین، سیكولار واتا خەباتكردن لەپێناو ئازادی، دیموكراسی، مەدەنیەت. كۆكردنەوەی جیاوازییەكان و پاراستنی یەكێتیی كۆمەڵگا و گەڕانەوەی رێز و حورمەت بۆ ئایین و ئیماندار و مزگەوت و كەنیسە و مامۆستا و بانگخوازی ئایینی و قەشە و پەرستگاكان. هەڵبەتە دەكرێت بۆ تێگەیشتن و قبوڵكردنی سیكولار لە كۆمەڵگەی كوردیدا، بەتایبەت لە نێو رەوت و گروپە جیاوازە دینییەكان، ئەو روئیا هەڵە تێگەیشتنە لەسەر خودی چەمكەكە هەیە، بسڕێتەوە. هەروەها دەكرێت چ ئەوانەی خوازیاری ئەوەن سیستەمی سیاسی و كایەكانی دیكەی ژیان بە سیكولاریزم بكرێت، چ ئەوانەش سیكۆلاریزم بە تەواوی رەت دەكەنەوە و پێیانوایە بە نۆرم و كەلەپوری جڤاتی ئێمە نامۆیە، زۆر گرنگە تێڕوانین و هۆشیاریەكی هەمەلایەنەمان لەسەر چەمكی سیكۆلار و غەوشەكانی هەبێت. لە كوردستانی نوێوە وەرگیراوە