نەوا-
سەرۆك وەزیرانی عیراق و نوێنەری تایبەتی ئەمینداری گشتی نەتەوە یەكگرتوەكان لە عیراق كۆبونەوە.
بەپێی راگەیەنراوێك، محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عیراق و محەمەد ئەلحەسان نوێنەری تایبەتی ئەمینداری گشتی نەتەوە یەكگرتوەكان لە عیراق كۆبونەتەوەو پەیوەندییەكان و بەرنامە هاوبەشەكانی نێوان عیراق و رێكخراوی نێودەوڵەتیان تاوتوێكردوە لەچوارچێوەی رێككەوتن لەسەر كۆتاییهێنان بە ئەركی یۆنامی.
لە میانی كۆبونەوەكەدا دوایین پێشهاتەكانی دۆخی ناوچەكەو ئەو هێرشانەی كە بۆ سەر غەزەو باشوری لوبنان ئەنجام دراوەو بەردەوامبونی شەڕی جینۆساید كە ئیسرائیل ئەنجامی دەدات گفتوگۆیان لەبارەوە كراوە، پاشان سودانی ستایشی هاوكارییەكانی نێردەی نەتەوە یەكگرتوەكانی بۆ عیراق كردوە لە روبەڕوبونەوەی ئاستەنگەكانی ساڵانی دوای ساڵی 2003.
هەر لە كۆبونەوەكەدا گرنگی لێدوانەكەی عەلی سیستانی مەرجەعی باڵای شیعە لە عیراق لەگەڵ ئەلحەسان خراوەتەڕو لەڕوی دەستنیشانكردنی پێداویستییەكانی عیراق و تێڕوانینە راستەقینەكانی بۆ خواستەكانی گەلی عیراق كە حكومەت لە ئەولەویاتی بەرنامەكەی و كارە بەردەوامەكانیدا دیاری كردوە.