ده‌سته‌ی گه‌شتوگوزار ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی جموجوڵی گه‌شتیاری له‌ هه‌رێمی كوردستاندا راگه‌یاند

25/08/2020

نه‌وا
پاش ماوه‌یه‌كی زۆر له‌ سست بونی، جارێكی دیكه‌ جموجوڵی گه‌شتیاری له‌ هه‌رێمی كوردستاندا دروستبوه‌ته‌وه‌.
له‌وباره‌یه‌وه‌ نادر روستی وته‌بێژی ده‌سته‌ی گه‌شتوگوزاری هه‌رێم رایگه‌یاند، هێشتا ئامارێكیان له‌به‌رده‌ستدا نییه‌ كه‌ له‌م رۆژانه‌دا، چه‌ند گه‌شتیار هاتونه‌ته‌ هه‌رێمی كوردستان، به‌ڵام جموجوڵی گه‌شتیاری ده‌ستیپێكردوه‌ته‌وه‌ و به‌رده‌وامیش چاوه‌ڕوان ده‌كه‌ن زیاتر بێت.
سه‌باره‌ت به‌ بڕیاری وه‌زاره‌تی ناوخۆی هه‌رێم له‌باره‌ی كردنه‌وه‌ی رێگاكان نێوان پارێزگاكان و عیراقیش، نادر روستی ده‌ڵێت "چاوه‌ڕوان ده‌كه‌ین بڕیاره‌كه‌ ببێته‌هۆی دوباره‌ بوژاندنه‌وه‌ی كه‌رتی گه‌شتیاری، هه‌رچه‌نده‌ وه‌رزی هاوین زۆری نه‌ماوه‌، به‌ڵام سروشتی هه‌رێمی كوردستان وایه‌ گه‌شتیاری چوار وه‌رزه‌مان هه‌یه‌".
ئێستا گه‌شتیاران زیاتر روو له‌ پارێزگای سلێمانی ده‌كه‌ن، هۆكاره‌كه‌شی بۆئه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ له‌ پێش جه‌ژنه‌وه‌ رێگاكان به‌ نافه‌رمی كراوه‌ن و هاتوچۆی گه‌شتیاری هه‌یه‌، كه‌ هه‌ندێك ئاماری نافه‌رمی له‌ چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌كه‌وه‌ باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن له‌ جه‌ژنه‌وه‌ نزیكه‌ی 100 هه‌زار گه‌شتیار روویان له‌ پارێزگاكه‌ كردوه‌، بۆ هه‌ولێریش جموجوڵ ده‌ستیپێكردوه‌ته‌وه‌.
له‌ هه‌رێمی كوردستان كه‌رتی گه‌شتوگوزار له‌ ساڵانی رابردوودا به‌ره‌و بوژانه‌وه‌ و گه‌شه‌سه‌ندن ده‌چو، ساڵی رابردوو ریكۆردێكی نوێ له‌ڕووی هاتنی گه‌شتیاره‌وه‌ تۆماركرا، به‌هه‌رسێ پارێزگای هه‌ولێر، سلێمانی و دهۆك به‌پێی ئاماری فه‌رمی ده‌سته‌ی گه‌شتوگوزاری هه‌رێمی كوردستان سێ ملیۆن و 700 هه‌زار گه‌شتیار هاتنه‌ ناو هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌.

شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group