نەوا-
سەرۆكی فراكسیۆنی توركمانی لەپەرلەمانی عیراق رایگەیاند، پێناسەی كەركوك مێژو بڕیویەتییەوە ئەو پەیامانە كاریگەریی لەسەر دانانێن كە ئاڕاستەی دەكرێن.
ئەرشەد ساڵحی سەرۆكی كوتلەی بەرەی توركمانی لە پەرلەمانی عیراق بڵاویكردوەتەوە، چەندینجار وتویانە ئەو لێدوانانەی كە هەندێكجار لە سلێمانی و هەولێرەوە دەدرێن سەبارەت بە كەركوك و مێژو و پێناسەكەی رەتكراوەیەو ئەو نامە نێگەتیڤانە كاریگەریی لەسەر شەقامی كەركوكلی دانانێن.
ساڵحی وتوشیەتی: كەركوك وەك شارێكی عیراقی دەمێنێتەوەو بێ جیاوازی سەرجەم پێكهاتەكانی لە باوەشگرتوە، هەر لێدوانێكیش كە دەدرێن وەك (دڵی كوردستان) و یاخود (شارێكی داگیركراو) و هەر پیاهەڵدانێكی هاوشێوەی تر زیادەڕۆییە لەسەر مێژوی شارەكەو دانیشتوانەكەی، ئەو لێدوانانەش خزمەتی پێكەوەژیانی ئاشتیانەی دانیشتوانەكەی ناكات.
سەرۆكی فراكسیۆنی توركمانی لە پەرلەمانی عیراق راشیگەیاندوە، هەڵوێستیان رون و جێگیرەو هیچ سازشێكی لەسەر ناكەن، داواش لە سەركردەی حزبە توركمانییەكانیش دەكەن بە راگەیەنراو هەڵوێستی خۆیان رابگەیەنن.