نەوا-
بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر رونكردنەوەیەكی سەبارەت بە گرتەیەكی ڤیدیۆیی بڵاوكردەوە كە لەبەشێك لە كەناڵەكان و تۆڕەكۆمەڵایەتییەكان بڵاوكرابوەوە.
لە راگەیەنراوەكەی ئاسایشی هەولێردا هاتوە، دوای ئەوەی لە زۆربەی پێگەو پەڕەكانی دەزگاكانی راگەیاندن لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان گرتە ڤیدیۆیەك بڵاوكرایەوە كە تاوانێك لەناو شاری هەولێر رویداوە، دەستبەجێ لەلایەن هێزەكانەوە بەدواداچون كرا، بەفەرمانی دادوەری لێكۆڵینەوەی ئاسایش دەستگیر كران، لە لێكۆڵینەوەكاندا دەركەوت گرتە ڤیدیۆییەكە لەلایەن چەند قوتابیەكی پەیمانگای پۆڵیتەكنیك بەشێوەی كورتە فلم تۆمار كراوە بەمەبەستی ئەنجامدانی (سیمینار) لە پەیمانگاكەیان، دواتر مۆنتاژ كراوەو بڵاوكراوەتەوە كە هیچ جۆرە چەكێك تێیدا بەكار نەهاتوە.
ئاسایشی هەولێر راشیگەیاندوە، ئەوەی جێگەی سەرنجە زۆرێك لە دەزگاكانی راگەیاندن بەبێ ئەوەی لە راستی و دروستی روداوەكە دڵنیابن و بكۆڵنەوە گرتە ڤیدۆكەیان بڵاوكردەوە، بۆیە داوا دەكەین لەدەزگا میدیاییەكان لەكاتی بونی هەر روداوێك دڵنیاببنەوە تاكو كاری پیشەیی و متمانەی خۆیان لەدەست نەدەن.