سەرۆكی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن: رێگە بەهیچ لایەنێك نادەین دەستوەردان بكات

08/10/2024

نەوا-
سەرۆكی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن لەعیراق رایگەیاند، چەندین رێگەیان گرتۆتەبەر بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنێكی پاك و پێگەرد لە هەرێمی كوردستان.
دادوەر عومەر ئەحمەد سەرۆكی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن لە عیراق لە پرێس كۆنفرانسێكدا رایگەیاند، لەو رێكارو ئامادەسازیانەی گیراونەتەبەر زیاتر لەچەند پرۆسەیەك ئەنجامدراوە بۆ تاقیكردنەوەی ئامێرەكان و سیستمی هەڵبژاردن كە لەبەرچاوی لایەنە سیاسییەكان و یۆنامی ئەنجامدراوە.
وتیشی: بۆ دڵنیایی زیاتر بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد كۆمسیۆن گرێبەستێكی كردوە لەگەڵ كۆمپانیایەكی پسپۆڕو بەناوبانگی ئەڵمانیادا لەبواری پشكنینی سۆفتوێرو پرۆگرامسازی، هەروەها لەسەر راسپاردەی كۆمپانیاكە چارەسەری سەرجەم گرفتە هونەرییەكانمان كردوە لە ئامێرەكاندا تا كۆمپانیاكە راپۆرتی كۆتایی ناردوە كە سەرجەم ئامێرەكانی كۆمسیۆن سازو ئامادەن بۆ هەڵبژاردن بەسەركەوتویی لەوادەی دیاریكراوی خۆیدا.
دادوەر عومەر ئەحمەد وتیشی: كۆمسیۆن چەندین رێكاری تری گرتۆتەبەر ئەویش ژماردنی دەستیی دەنگەكانە لەپاڵ دەنگە ئەلكترۆنییەكان پێش راگەیاندنی ئەنجامەكان و رێگە بەهیچ لایەنێك نادەن دەستوەردان بكات لەكاروباری كۆمسیۆندا.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group