بەئامادەبونی قوباد تاڵەبانی 5 پرۆژەی كارەبا لە چەمچەماڵ كرانەوە

پێش 1 هەفتە

نەوا-
لەمەراسیمێكدا بە ئامادەبونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم و وەزیری كارەبا چەند پرۆژەیەك بە تێچوی نزیكەی 33 ملیار دینار لە قەزای چەمچەماڵ كرانەوە.
لەوبارەیەوە لە راگەیەنراوێكدا وەزارەتی كارەبای هەرێم بڵاویكردۆتەوە، چەند پرۆژەیەك لە قەزای چەمچەماڵ بە تێچوی نزیكەی 33 ملیار دینار جێبەجێ كراون و لە مەراسیمێكدا بە ئامادەبونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم و كەمال محەمەد ساڵح وەزیری كارەبا پرۆژەكان كراونەتەوە كە بریتین لە، دابینكردن و دانانی هەردو وێستگەی مۆبایلی چەمچەماڵ و قادر كەرەم و بەستنەوەی هێڵەكانی 132 كەی ڤی بە وێستگەی 400 كەی ڤی سلێمانی لەتەكیە.
باسی لەوەشكردوە، راكێشانی هێڵەكانی 132 كەی ڤی بازیان- چەمچەماڵ و چەمچەماڵ – قادر كەرەم و هەروەها دەركردنی فیدەرەكانی 11 كەی ڤی چەمچەماڵ و جێبەجێكردنی ژمارەیەك پرۆژەی دابەشكردنی راكێشانی كارەبا بۆ 61 گوندی قەزای چەمچەماڵ یەكێكی دیكەن لەو پرۆژانەی كە جێبەجێكراون.
ئەوەش راگەیەنراوە، جێگری سەرۆكی حكومەت داوایكردوە لە جێبەجێكردنی ئەم جۆرە پڕۆژانە بەردەوام بن  و لەلایەن خۆیەوە وەزیری كارەبا ئاماژەی بە گرنگی وێستگەكە بۆ كەمكردنەوەی گرفتی بارزۆریی سەر وێستگەی چەمچەماڵ و كەمكردنەوەی كێشەی ئۆڤەرلۆدی رونكردۆتەوە.


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group