حكومەتی عیراق لەڕێگەی وزەی خۆرەوە كێشەی كارەبا چارەسەر دەكات

07/07/2024 عێراق

نەوا-
شارەزایەكی وزە لە عیراق جەخت لەسەر مامەڵەكردن لەگەڵ پڕۆژەكانی وزەی خۆر لە عیراق دەكاتەوە.
فورات موسەوی بەڕێوبەری سەنتەری وزەی عیراق رایگەیاند، حكومەتی عیراق هەوڵی چارەسەركردنی كێشەی كارەبای داوە بە گرێبەستكردن لەگەڵ وڵاتان و كۆمپانیاكانی بواری وزە، لەوانەش واژۆكردنی رێكەوتن لەگەڵ كۆمپانیا عەرەبی و بیانییەكان بۆ دامەزراندنی پڕۆژەی دابینكردنی كارەبا لەڕێگەی وزەی خۆرەوە، لەوانەش گرێبەستكردن لەگەڵ كۆمپانیای (پاوەر چاینا)و كۆمپانیای (تۆتاڵ)ی فەرەنسی بۆ دابینكردنی هەزار مێگاوات بۆ تۆڕی نیشتمانی.
ئاماژە بۆ ئەوەشكراوە، یەكێكی دیكە لە گرێبەستەكان لەگەڵ كۆمپانیای (مەسدەر)ی ئیماراتییە بۆ دابینكردنی وزەی كارەبا بۆ چوار لە پارێزگاكانی عیراق بە هەزار مێگاوات وەك قۆناغی سەرەتایی و دواتر گواستنەوەی بۆ پارێزگاكانی دیكە، هەروەها وەزارەتی كارەبا لەم دواییانەدا رێككەوتنێكی لەگەڵ كۆمپانیای (ئاسكۆت)ی نەرویجی واژۆكرد بۆ دامەزراندنی وێستگەی كارەبای خۆر بە توانای 525 مێگاوات.
ئەو بەڕێوبەرەی سەنتەری وزەی عیراق ئاشكراشیكردوە، لە سەرەتادا وەزارەت دەیەوێت 7 هەزارو 500 مێگاوات وەك قۆناغی یەكەمی پڕۆژەكانی وزەی پاك بەدەستبهێنێت، بەڵام سروشتی پچڕپچڕی وزەی خۆر دەبێتە هۆی ئاڵنگاریی لەكاركردندا بۆ بەڕێوەبەری تۆڕی نیشتمانی عیراق،  بۆیە پێویستی بە هاوسەنگیكردنی سیستم و تەكنەلۆژیای هەڵگرتنی وزە دەبێت.


شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group