نەوا-
نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ شا عەبدوڵڵای دوەم شای ئوردن لە عەممانی پایتەختی ئەو وڵاتە كۆبونەوە.
بەگوێرەی راگەیەنراوێك، لە كۆبونەوەكەدا پتەوكردنی زیاتری پەیوەندییەكانی شانشینی ئوردنی لەگەڵ عیراق و هەرێمی كوردستان و فراوانكردنی هاوكاری لەبوارەكانی سیاسی، ئابوری و ئەمنی تاوتوێ كراون، هەروەها دەربارەی دوایین پێشهاتە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەكانی جێی بایەخی هەردولا بیروڕایان گۆڕییەوەتەوە.
هەروەها هاتوە كە نێچیرڤان بارزانی پێزانینی خۆی بۆ هەڵوێستەكانی شانشینی ئوردنی لەپشتگیری بۆ عیراق و هەرێمی كوردستان دەربڕیوە، هەروەها پەیوەندییە مێژویییەكان و دۆستایەتیی نێوان هەردوولای بەرز نرخاندوە.
لای خۆشیەوە شا عەبدوڵڵای دوەم خواستی وڵاتەكەی بۆ پتەوكردنی پەیوەندییەكان و هاوكاریی هاوبەش لەگەڵ عیراق و هەرێمی كوردستان دوپاتكردۆتەوە، هەروەها داكۆكیی لە پابەندیی ئوردن بۆ پشتگیریی هەر هەنگاوێك كرد كە ئاسایش و سەقامگیری و پێشكەوتن بۆ گەلانی ناوچەكە بەهێز بكات.