نەوا-
محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عیراق پێشوازی لەفەرماندەی هێزەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ بەرنگاربونەوەی داعش لەعیراق و سوریا كرد.
لە راگەیەنراوێكدا بڵاوكراوەتەوە، سودانی لەگەڵ جەنەڕاڵ كیڤن لیهی فەرماندەی هێزەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ بەرەنگاربونەوەی داعش لە عیراق و سوریا كۆبوەتەوەو گوێی لە تێڕوانینی وردی فەرماندەی هاوپەیمانی گرتوە سەبارەت بە دۆخی ئەمنی بەشێوەیەكی گشتی و جموجوڵی چەكدارانی داعش.
هەروەها هاتوە، پەرەپێدانی هەماهەنگی نێوان عیراق و وڵاتانی ئەندامی هاوپەیمانێتییەكە تاوتوێكراون لەچوارچێوەی گواستنەوەی پەیوەندییە ئەمنییە دووقۆڵییەكان بەمەبەستی پەرەپێدانی هەماهەنگی لەبوارەكانی مەشق و راهێنان و ئاڵوگۆڕكردنی ئەزمون و زانیاری لەگەڵ هێزە ئەمنییەكانی عیراق.
راشگەیەنراوە كە لەكۆبونەوەكەدا جەخت لەسەر گرنگی پەیوەندی ستراتیژیی نێوان عیراق و ئەمریكا كراوەتەوە پێویستیی پشتیوانیكردن لە ئاسایش و سەقامگیری سوریا تەئكیدكراوە لەگەڵ دەستوەرنەدان لە كاروباری سوریا بۆ گەیشتن بە ئاسایش و ئارامی لە سەرتاسەری ناوچەكەدا.