تەندروستی سلێمانی: لە گرژیی نێوان هاندەرانی یانەی نەورۆز و زاخۆ 62 هاوڵاتی برینداربون

7 کاتژمێر پێش ئێستا

نەوا-
بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی سلێمانی ڕایگەیاند، لە گرژیی و ئاڵۆزیی لەنێوان هاندەرانی یانەی وەرزشی نەورۆز و زاخۆ دروست بو و بەو هۆیەوە 62 هاوڵاتی برینداربون.
 بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی سلێمانی لە ڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، شەوی ڕابردوو لەكاتی بەڕێوەچونی یاری نێوان یانەی وەرزشی نەورۆز و یانەی وەرزشی زاخۆ لەیاریگای نەورۆز لەشاری سلێمانی، گرژیی و ئاڵۆزیی لەنێوان هاندەرانی هەردولا دروست بو و بەو هۆیەوە 62 هاوڵاتی برینداربون.
باسی لەوەشكرد، لەلایەن تیمەكانی فریاكەوتنی خێرا چارەسەری پێویست بۆ 25 بریندار كرا لەشوێنی ڕوداوەكە لەیاریگای نەورۆز و 27 بریندار بە ئەمبوڵانس گواسترانەوە بۆ نەخۆشخانەی شار و 10 برینداریش لەلایەن كەسوكاریان هێنران بۆ نەخۆشخانە.
هەر بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەكە، دوای ئەو ڕوداوە، لەسەر فەرمانی بەڕێوبەری گشتی تەندروستی سلێمانی سەرجەم بەشەكانی فریاكەوتن خرانە حاڵەتی ئامادەیی بۆ پیشوازیكردن لەبرینداران و چارەسەركردنیان، چارەسەری پێویست بۆ سەرجەم بریندارەكان كرا و نەشتەرگەری بۆ بریندارێكیش ئەنجام درا.
ئاماژەی بەوەشدا، سەرجەم بریندارەكانی یاریگای نەورۆز گەڕاونەتەوە بۆ ماڵەوە و تەنیا یەك بریندار نەبێت لەنەخۆشخانە ماوەتەوە كە نەشتەرگەری بۆ كراوە و دۆخی تەندروستی جێگیرە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group