نەوا-
بریكاری وەزارەتی ئاوەدانكردنەوەی حكومەتی هەرێم رایدەگەیەنێت، لە هەرێمی كوردستان چوار پڕۆژەی گرنگی ڕێگاوبان لە بواری جێبەجێكردندان.
ئاگرین عەبدوڵڵا بریكاری وەزارەتی ئاوەدانكردنەوەی هەرێم رایگەیاندوە، چوار پڕۆژەی گرنگی رێگاوبان لە هەرێمی كوردستان لە بواری جێبەجێكردندان، ئەوانیش رێگای هەولێر بۆ كۆیە بەردەوام كاری تێدا دەكرێت، هەروەها ڕێگای باعەدرێ بۆ دهۆك كاری زۆر باشی تێدا دەكرێت گەیشتووەتە 38% و زۆر لەپێشەوەی ئەو پلانەیە كە بۆی دانراوە بە تایبەتمەندییەكی زۆر بەرز كاری تێدا دەكرێت، جگە لەوانەش پڕۆژەی بەردەڕەش بۆ كەڵەك كاری تێدا دەكرێت و چاوەڕێی پەسەندكردنی كۆتایی دیزاینەكەن بەڵام كاركردن لە پڕۆژەكە بەردەوامەو رێگای شێخان بۆ لالشیش ئەویش كاركردن تێیدا بەردەوامەو ڕێژەی ئەنجامدانی گەیشتوەتە 40% و ئەمساڵ تەواو دەكرێت.
وتیشی، بیرۆكەیەك هەیە ئەو بەشانەی تەواو دەبن بكرێنەوە بەهۆی ئەوەی هاتوچۆی زۆری لەسەر هەیەو بە تەواوبونی 15 خولەك رێگای هەولێر بۆ دهۆك كەمدەبێتەوە.