نەوا-
یەكێتیی خانەنشینانی هەرێمی كوردستان رایدەگەیێنێت، ئەوانەی تازە خانەنشین دەبن، 6 مووچەی بنەڕەتی و 12 مووچەی تەواوەتی وەردەگرن.
سادق عوسمان وتەبێژی یەكێتیی خانەنشینانی هەرێمی كوردستان لە لێدوانێكدا رایگەیاند، لە هەرێمی كوردستان نزیكەی 170 هەزار خانەنشینی مەدەنی و 90 هەزار خانەنشینی سەربازی هەن.
ئاماژەی بەوەش كرد، ئەو سێ "تەمەن"ەی كە تازە خانەنیشن دەبن، ئەوانیش ژمارەیان نزیكەی 25 هەزار كەسە، بەگشتیی دەبێتە نزیكەی 285 هەزار خانەنشین بە مەدەنی و سەربازییەوە.
بە وتەی وتەبێژی یەكێتیی خانەنشینانی هەرێم، هێشتا ئەو سێ تەمەنە بە تەواوی خانەنشین نەبوون و رێكارەكانی خانەنشینییان ماوە، بەشێكیان هێشتا دەست لەكار هەڵگرتنیان لە فەرمانگەكانیان نەكردووە، بۆیە رێكارەكان ماون تاوەكو تەواوی دۆسییەكانیان دەگوزارێتەوە بۆ دەستەی خانەنشینی.
باسی لەوەشكرد، بەگوێرەی یاسای ژمارە 9ی ساڵی 2014ی خانەنشینانی یەكگرتوو لە عێراق، ئەو 25 هەزار كەسە كە تازە خانەنشین دەبن، 6 مووچەی بنەڕەتی و 12 مووچەی تەواوەتی وەردەگرن، بەڵام، ئەگەر مۆڵەتی كەڵەكەبووی لە 6 مانگ زیاتربوو ئەوا 6 مووچە بنەڕەتییەكە نایانگرێتەوە.