حكومەتی عیراق بەناردنی پێشنیارێك حكومەتی هەرێم توشی سەرسوڕمان دەكات

5 کاتژمێر پێش ئێستا

نەوا-
وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، پێشنیارێك لەلایەن نوێنەری حكومەتی عیراق تاكلایەنە بۆ ئەنجومەنی نوێنەران نێردراوەو توشی سەرسوڕمانی كردون.
پێشەوا هەورامانی وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاندوە، دوای چەندین كۆبونەوەو هەوڵ و ماندوبون بۆئەوەی یاسای بودجەی گشتی فیدراڵ لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانەوە هەموار بكرێتەوەو هەناردەكردنی نەوتی هەرێم دەستپێبكاتەوە، هەرچەندە خوێندنەوەی یەكەم و دوەمیشی بۆ كرا،  بەڵام بەداخەوە لەكۆتا ساتەكاندا دەنگی لەسەر نەدرا .
وتوشیەتی: ئێمە توشی سەرسوڕمان بوین بەوەی پێشنیارێك لەلایەن نوێنەری حكومەتی فیدراڵ لەئەنجومەنی نوێنەرانەوە تاكلایەنەو بەبێئەوەی راوێژ لەگەڵ حكومەتی هەرێم بكرێت یان لە ئەنجومەنی وەزیرانی فیدراڵەوە دەنگی لەسەر درابێت بۆ ئەنجومەنی نوێنەران نێردراوە كە ئەم پێشنیارە لەهەمانكاتدا دژی بڕیاری پێشوی ئەنجومەنی وەزیرانی فیدراڵیشە تایبەت بەهەمواركردنەوەی پڕۆژە یاسای بودجە بۆ هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان .
وتەبێژی حكومەتی هەرێم دەشڵێت، ئەم هەوڵانە زیان بە هەمو عیراق دەگەیەنن و كێشەكان قوڵتر دەكەنەوەو خزمەت بە چارەسەركردنی پرسەكان نەكەن، بۆیە ئێمە ئەو هەوڵ و پێشنیارانە بە هەمو شێوەیەك رەتدەكەینەوەو دژی دەوەستین، بۆیە دەبێت ئەو پێشنیارەی لەسەری رێككەوتوین بخرێتە دەنگدانەوە.

شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group