نەوا-
مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، دەبێت ڕێز لە قەوارەی دەستوریی هەرێمی كوردستان بگیرێت و موچەی خەڵكی كوردستان بنێردرێت.
بەگوێرەی راگەیەنراوێك كە مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بڵاویكردوەتەوە لە داڤۆس لەگەڵ جان نوێل بارۆ وەزیری ئەوروپاو كاروباری دەرەوەی فەڕەنسا كۆبوەتەوەو ئاماژەیكردوە بە پەیوەندیی دۆستانەی نێوان فەڕەنساو هەرێمی كوردستان و سوپاسی پشتیوانی بەردەوامی حكومەت و گەلی فەرەنسای كردوە.
راشیگەیاندوە، لە كۆبونەوەكەدا گفتوگۆیان لەبارەی پەرەپێدانی پەیوەندی دولایەنەو سەركەوتنی پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان و هەوڵەكانی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت و گرنگی چارەسەركردنی كێشەكانی هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدراڵ كردوە.
سەرۆكی حكومەتی هەرێم دەڵێت، دووپاتیان كردوەتەوە كە هەرێمی كوردستان ئەرك و پابەندییە دەستورییەكانی خۆی بە تەواوی جێبەجێكردوە، بۆیە پێویستە مافەكانی خەڵكی كوردستان پێشێل نەكرێت و دەبێ رێز لە قەوارەی دەستوریی هەرێمی كوردستان بگیرێت موچەو شایستە داراییەكانی خەڵكی كوردستان بنێردرێت.