شاندێكی هەرێم بەشداری لەپێشانگایەكی نێودەوڵەتی گەشتیارییدا دەكات

7 کاتژمێر پێش ئێستا

نەوا-
شاندێكی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی كوردستان بەسەرۆكایەتی ئەمەل جەلال سەرۆكی دەستە بەشداریكرد لە 51هەمین پێشانگای نێودەوڵەتی گەشتیاری (FITUR) لە مەدریدی پایتەختی ئیسپانیا. 
بەگوێرەی راگەیەنراوێك، ئامانجی بەشداریكردن لە پێشانگاكەدا ناساندن و بەبازاڕكردن بوە بۆ شوێنە گەشتیاری و شوێنەوارییەكانی هەرێمی كوردستان و ئاشناكردنی بەشداربوانی پێشانگا بە سروشت و تەنهایی و رۆڵی هەرێمی كوردستان لە بنیادنانی شارستانیەت و پەرەپێدانی پەیوەندییە گەشتیارییەكان لەنێوان هەرێمی كوردستان و وڵاتان و كۆمپانیاو دامەزراوە گەشتیارییەكانی بەشداربو لە پێشانگاكەدا، هەروەها سود وەرگرتن بوە لە ئەزمونی وڵاتانی پێشكەوتوی كەرتی گەشتیاریی. 
ئاماژە بەوەشكراوە كە ئەمەل جەلال سەرۆكی دەستەی گەشتوگوزار لەسەرجەم ئەو دیدارو كۆبونەوانەی كراون بە وردی باسی لە كەرتی گەشتیاریی لە هەرێمی كوردستان كردەوەو بەشداربوانی پێشانگای ئاشنا كردوە بە گونجاوی كوردستان بۆ زۆرترین جۆری گەشتوگوزارو دەرفەتەكانی وەبەرهێنان لە كەرتی گەشتیارییدا. 
پێشانگا نێودەوڵەتی گەشتیاری (FITUR) یەكێكە لە پێشانگا هەرە گرنگ و كاریگەرەكانی بواری گەشتیاری لەسەر ئاستی دنیاو بۆ ماوەی پێنج رۆژ بەردەوام دەبێت و ئەم ساڵیش نزیكەی 160 وڵاتی جیهان بەشداری تیادا دەكەن.

شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group