ئەنجومەنی نوێنەران گفتوگۆی هەمواری یاسای بودجەو باری كەسیەتی دەكاتەوە

5 کاتژمێر پێش ئێستا عێراق

نەوا-
ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق كۆدەبێتەوەو 10 بڕگەی لەناو كارنامەی دانیشتنەكەدا دەستنیشانكرد تاكو گفتوگۆیان لەبارەوە بكات.
بەگوێرەی راگەیەنراوێكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، رۆژی سێشەممە 21-1 كاتژمێر 1ی پاشنیوەڕۆ كۆبونەوە دەستپێدەكات و بڕیارە دەنگدان بكرێت لەسەر پرۆژە هەمواری یەكەمی یاسای بودجەی گشتی عیراق بۆ ساڵانی 2023، 2024، 2025.
راشگەیەنراوە، یەكێكی تر لە بڕگەكانی كارنامەی دانیشتنەكە دەنگدان دەبێت لەسەر پێشنیازە یاسای باری كەسیەتی، هەروەها دەنگیش دەدرێت لەسەر پرۆژە یاسای گەڕاندنەوەی موڵك و ماڵەكان بۆ خاوەنە رەسەنەكانیان كە بەبڕیارێكی ئەنجومەنی سەركردایەتی شۆڕشی هەڵوەشاوە لێیان زەوت كراوە. 
لەبەشێكی تری دانیشتنەكەدا یەكێكی تر لەو بڕگانەی بڕیارە دەنگی لەسەر بدرێت هەمواری دووەمی پرۆژە یاسای لێبوردنی گشتییە، هەروەها دەنگدان لەسەر چەند پرۆژە یەسایەكی ترو گفتوگۆی یەكەم و دوەمیش بۆ چەند پرۆژە یاسایەكی تر دەكرێت.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group