نەوا-
بەرپرسی باڵای كۆچبەری یەكێتی ئەوروپا بڕیاریداوە دەست بەجێبەجێكردنی دیپۆرتكردنەوەی پەنابەران بكات.
بەپێی زانیارییەكانی دەزگای لوتكە بۆ كاروباری ئاوارەو پەنابەران، لەسەردانێكی ئەم دواییەیدا بۆ ئەسینای پایتەختی یۆنان، ماگنوس برونەر بەرپرسی باڵای نوێی یەكێتی ئەوروپا بۆ پرسی كۆچبەری بە كیریاكۆس میتسۆتاكیسی سەرۆك وەزیرانی یۆنانی وتوە: بابەتی گەڕانەوەو دیپۆرتكردنەوە بابەتێكە كە دەبێت بیگەیەنن بە ئەنجام.
بەپێی بەدواداچونەكانی دەزگاكە، ژمارەی ئەو منداڵانەی بێ سەرپەرشت لەساڵی رابردو گەیشتونەتە وڵاتی یۆنان دووهێندە زیادیكردوەو لەمساڵدا بە سێ هەزار كەس مەزەندە دەكرێت، یەكێتی ئەوروپاش دوای چەندین ساڵ دانوستان لەمانگی ئایاری 2024 دا پەیماننامەی كۆچ و پەنابەری پەسەند كرد كە لەكۆمەڵەیەكی نوێی سیاسەتی بەڕێوەبردنی كۆچكردن پێكدێت، هەروەها دروستكردنی هاوبەشی نێودەوڵەتی بۆ چارەسەركردنی هۆكارە بنەڕەتییەكانی كۆچكردن و بەرەنگاربونەوەی قاچاخچێتی و پێشخستنی رێگاكانی كۆچی یاسایی یەكێكن لەو ستراتیژییە سەرەكیانەی كە لە پەیماننامەكەدا هاتوە.